کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی دەیەوێ چاوپۆشی لە پیتاندنی ئۆرانیۆم بکات

19:36 - 26 جۆزەردان 2725

دوابەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، بەرپرسێکی پلەبەرزی ڕێژیم بە ماڵپەڕی ئیران وایەری ڕاگەیاندووە کە ڕێبەر و بەرپرسانی باڵای سیاسیی و نیزامیی کۆماری ئیسلامی ئامادەن بۆ پاراستنی ڕێژیم، چاوپۆشی لە پیتاندنی ئۆرانیۆمی بکەن.

ئەم بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە کە پێشترێتی لای خامنەیی و نیزامەکەی، مانەی نیزامەکەیەتی.

ئەم بەرپرسە کە پێشینەی کار لە ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی هەیە وتوویەتی: بە درێژەکێشانی ئەم دۆخە، ئەرتەش و سپای پاسداران ناتوانن چیدیکە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و کەسێک نازانێ کە دوای ئەوە چی ڕوو دەدات. ئێمە نامانەوێ هەڵەی سەدام حوسێن دووپات بکەینەوە و ئامادەی وتووێژین.

وێدەچێت قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم کە بە شێوەی نهێنی بە ئیران وایر گەیشتوون، سیگناڵێک بۆ ئیسرائیل بە مەبەستی وەستاندنی هێرشەکانی و ملکەچبوونی ڕێژیم بۆ چوونە سەر مێزی وتووێژەکان لەگەڵ ئەمریکا بێت.

کۆماری ئیسلامی لە یەکەمین کاتژمێرەکانی ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانەوە تاکوو ئێستا بۆ ماوەی چوار ڕۆژە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی دەکرێتە سەر و تاکوو ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرماندە پلەباڵاکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم و ناوەندە گرینگەکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم کراونەتە ئامانج.