کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ڕێوشوێنی ئەمنییەتیی لەبەر گرتووە

19:41 - 26 جۆزەردان 2725

هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، ڕێکخراوی بەسیجی ڕێژیم ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی جۆزەردان ڕایگەیاند: هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی دەرگیرییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، لەبەر گرتنی ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکان لە ئێراندا توندتر دەبنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی بەسیجدا هاتووە کە خاڵەکانی پشکنین لە خاڵە جۆراوجۆرەکاندا چالاک دەکرێنەوە و بەرەبەرە بەربڵاو دەکرێنەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی ئیتلاعات بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک و بە بێ ئەوەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ باس لە هێرشی ئیسرائیل بکات داوای لە خەڵک کرد کە هاتوچۆی گەماناویی ماشینە بارهەڵگرەکان ڕابگەیێنن.

ئەم ڕاگەیەندراوەی ئیتلاعات دوای ئەوە بڵاو کرایەوە کە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاند کە پایەگایەکی پەهبادیان لە خاکی ئێراندا دامەزراندووە و سامانەی چەکوچۆڵ و هێزی کۆماندۆیان بە شێوەی نهێنی ناردووەتە نێو ئێرانەوە

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێژیم دەیان هاووڵاتیی بە تۆمەتی پێوەندیدار بە چالاکییە سەربازییەکانی ئەم دواییانە دەسبەسەر کردووە.