کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژۆرناڵ: '' بەهۆی باڵادەست بوون بەسەر ئاسمانی ئێراندا، کات بە قازانجی ئیسرائیلە

19:42 - 26 جۆزەردان 2725

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە وتارێکدا دەڵێت، باڵادەستبوون بەسەر ئاسمانی ڕۆژاوای ئێران و تارانیشدا وای کردووە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لەبڕی پشتبەستن بە مووشەکی دوورمەودای گرانبەها لەنێو ئاسمانی ئێرانەوە بۆمب بخەنە خوارەوە.

ئەو ڕۆژنامەیە ئەمە بە لاوازیی ڕووسیە دەزانێت و دەڵێت، هەر لەبەر ئەمەشە شەڕ لەگەڵ ئۆکراین زیاتر لە سێ ساڵ و نیو بەردەوام بووە و ئێستا لە نێو تاڵاوی شەڕی زەمینی لە خەندەقەکاندا گیری خواردووە.

لە وتارەکەی واڵ ستریت ژۆرناڵدا هاتووە کە پلاندانەرانی شەڕ دەیان ساڵە دەڵێن کۆنترۆڵکردنی ئاسمانەکان ئەگەر بەدەست بهێنرێت، ئەوە بە مانای کۆنترۆڵکردنی هەموو شتێکە.

لە شەڕی ڕووسیە و ئۆکرایندا هیچکام لە وڵاتان باڵادەستیی ئاسمانییان نییە، بەڵام لە شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا ئەم باڵادەستییە ئاسمانییە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات بە ئازادییەکی تەواوەوە هێرشەکانی ئەنجام بدات.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ دەڵێت، هێرشە ئاسمانییە سەرەتاییەکانی ئیسرائیل بە بەکارهێنانی فڕۆکەی دژەڕادار نەوەی پێنجەمی ئێف-٣٥ ئەنجام دراون، کە بە گۆڕانکارییەکانی ئیسرائیل نوێ کراوەتەوە.

ئێستا کە زۆربەی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران نەماون، فڕۆکە کۆنەکانی وەک ئێف ١٥ و ئێف ١٦ پەیوەست بە هێزی هێرشەوە بوون. هەروەها ئیسرائیل بە فڕێدانی بۆمبی ڕێنماییکەر هێرشی ڕاستەوخۆ و کورتمەودای دەست پێ کردووە کە هەرزانتر و زۆر زیاتر لە مووشەکەکانن و کاریگەرییەکی وێرانکەریان هەیە.

کارناسانی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ دەڵێن، شێوازی هێرشی ئیسرائیل کە تا ئێستا گرتوویەتییە بەر، لانیکەم لە کورتماوەدا لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلدایە.