کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشینگتۆن فەرمانی سەپاندنی گەمارۆ نوێیەکانی بۆ سەر تاران ڕاگرتووە

14:09 - 12 جۆزەردان 2725

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ، دەوڵەتی ئەمریکا لە فەرمانێکی نوێدا، سەپاندنی گەمارۆی نوێی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، بە نیشانەی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتەکانی کۆشکی سپی لەهەمبەر تاراندا، ڕاگرتووە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە کارۆلین لەیویت، وتەبێژی کۆشکی سپی، حەفتەی ڕابردوو فەرمانی ڕاگرتنی گەمارۆ نوێیەکانی بۆ سەر تاران بە بەرپرسانی باڵا، شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی و وەزارەتەکانی خەزێنەداری و دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاندووە.

بەپێی زانیارییەکان کۆشکی سپی لە کاردانەوە بەم ڕاپۆرتەی واڵ ستریت، ڕاپۆرتەکەی ڕەت نەکردووەتەوە و لە بەیاننامەیەکیشدا ڕایگەیاندووە کە هەموو بڕیارە نوێیەکان سەبارەت بە سزاکان، لەلایەن دەوڵەت و دامەزراوە پێوەندیدارەکانییەوە بڵاو دەکرێتەوە.

ئەم ڕۆژنامە زیادیشی کردووە کە لە ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕەوە، وەزارەتی خەزێنەداریی دەوڵەتی ترامپ، هیچ سزایەکی نوێی بۆ سەر ئێران دیاری نەکردووە.

ڕاپۆرتەکە لە بەشێکی دیکەدا باسی لە نیگەرانییەکانی هێندێک لە بەرپرسانی ئەمریکایی سەبارەت بەم بڕیارە کردووە کە بۆچی دەبێت لەکاتێکدا کە زۆرترین پێویستی بە گوشاری هەمەلایەنە هەیە، کۆشکی سپی سیاسەتی نەرمی نواندن بگرێتە بەر؟

ژمارەیەک لە بەرپرسانی پێشووی دەوڵەتی ترامپ لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەم سزایانە و گوشارە هەمەلایەنەکان بوونەتە هۆکاری ملکەچبوونی کۆماری ئیسلامی بۆ دانیشتنی دووبارە لەگەڵ ئەمریکا و بۆیە نابێت لە ئێستادا ئەم بڕیارە دەر بکرێت.

واڵ ستریت ژۆرناڵ لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بە دوو بەڵگەنامەی نوێی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، هێناویەتی کە ئەم دوو بەڵگەیە هەوڵەکانی تاران بۆ گەشەدان بە پیتاندنی ئورانیۆم لە ئاستی سەرەوە دەسەلمێنێت و جەختیشی کردووەتەوە کە بەپێی ئەزموون دەرکەوتووە کە کۆماری ئیسلامی هەموو کات وتووێژەکانی نە بۆ چارەسەرکردن، بەڵکوو بۆ کڕینی کات بەکار هێناوە و لە ئێستاشدا ئەم ڕاپۆرتەی ئاژانسی بە نموونەیەکی دیکە لە کەڵکاژۆوەرگرتنەکانی تاران لەم بابەتە زانیوە.

 

ئەم بڕیارەی کۆشکی سپی هاوکاتە لەگەڵ بەرەبەری شەشەمین دانیشتنی ئێران و ئەمریکا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە ناوکییەکان.

واشینگتۆن هەر شێوەیەک لە پیتاندنی ئورانیۆمی لە نێو خاکی ئێراندا بە هێڵێکی سوور زانیوە و جەختی کردووەتەوە کە دەبێت هەموو سانتریفیووژەکان لەنێو ببرێت و کۆ بکرێتەوە. لە بەرامبەریشدا تاران پیتاندنی ئورانیۆمی بە زێدەخوازیی ڕۆژاوا لە قەڵەم داوە و پشتڕاستی کردووەتەوە کە هیچکات ناچێتە ژێر باری ئەم داخوازییەوە.

جێی ئاماژەیە کە وتووێژەکانی نێوان دوو لایەن لە خاکەلێوەی ئەمساڵ و پاش ئۆڵتیماتۆمی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە نامەیەکی تایبەت بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، دەستی پێ کرد.

ترامپ لەو کاتەدا تەنیا ماوەی دوو مانگ مۆڵەتی بۆ تاران دیاری کردبوو کە بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکادا بگات تاکوو پێش بە هێرشی سەربازی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بگیردرێت.