کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: کوژرانی خامنەیی کۆتایی بە دەرگیرییەکان دێنێ

10:52 - 27 جۆزەردان 2725

بێنیامین نێتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە و لە چوارەمین ڕۆژی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی هەواڵی ABC  ئەگەری کوشتنی خامنەیی ڕەت نەکردەوە و وتی: کوشتنی خامنەیی گرژییەکان زیاد ناکات، بەڵکوو کۆتایی بە دەرگیرییەکە دێنێت.

نێتانیاهوو ئۆپەراسیۆنەکەی خۆی لەژێر ناوی "شێری ڕاساو" لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردانەوە دەست پێ کرد. ئۆپەراسیۆنێکی سەبازی کە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ئامانجەکەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیلە.

ئەم هێرشە سەربازییە دوابەدوای پەسەندکرانی بڕیارنامەیەک لە شۆرای حوکامی ئاژانسی وزەی ناوکی دژی کۆماری ئیسلامی، دەستی پێ کرد.

ئیسرائیل تاکوو ئێستا کۆمەڵێک ناوەندی گرینگی سەربازی و ئەمنییەتیی ڕێژیم و ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرماندە باڵاکانی ڕێژیمی لە تاران کردوونەتە ئامانج و ڕۆژی ڕابردوو دوابەدوای هۆشداریدان بۆ چۆڵکردنی ناوچەی ٣ی تاران، هێرشی کردە سەر دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران و هۆشداری دا کە هێرشەکان بەردەوام دەبن.