
ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی جۆزەرداندا، باسی لە خولێکی نوێ لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتەکەی کرد.
ئیسرائیل چەند کاتژمێر پێش ئەو هێرشە ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە نیوەشەوی دووشەممەدا، خەسارێکیان بە ئیسرائیل نەگەیاندووە.
هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی سێشەممەدا زیاتر بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ناوەندی ئیسرائیل بووە.
هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لە بیسترانی چەند دەنگی تەقینەوەی گەورە لە ناوچە جیاوازەکانی تاران دەکەن و سامانەی پەدافەندی ئاسمانیش کارا کرابوو.
ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێک ڤیدیۆ لە تەقینەوە یان چالاکیی پەدافەندی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی وەک تەورێز، ئێسفەهان، شیراز، بەندەرعەباس و بووشێهر بڵاو بووەوە.
دوابەدوای پەرەسەندنی گرژییەکان، ڕۆژی ڕابردوو، ترامپ ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەبێ ڕێککەوتن واژۆ بکات و هۆشداری بە دانیشتووانی تاران دا کە شارەکە چۆڵ بکەن.