
گرووپی حەوت بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد.
ئەم گرووپە جەختی کردووەتەوە کە ئێران قەت نابێ دەستی بە چەکی ناوگی ڕابگات و هاوکات مافی بەرگری لە خۆی بۆ ئیسرائیل بەفەرمی ناسی.
گرووپی حەوت وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانی لە ئەمنییەتی ئیسرائیل لەسەر پاراستنی خەڵكی سڤیل جەختی کردەوە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ئیسرائیل مافی بەرگری لە خۆی هەیە و پشتیوانیی بێئەملاوئەولای خۆمان لە ئەمنییەتی ئەم وڵاتە ڕادەگەینین. هەروەها ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە کە ئێران نابێ لە هیچ دۆخێکدا دەستی بە چەکی ناوگی ڕابگات.
لە یەکەمین کاتژمێرەکانی پێنجەمین ڕۆژ لە شەڕی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، ترامپ دانیشتنی گرووپی حەوت لە کانادای زووتر لە کاتی خۆی بەجێ هێشت و گەڕایەوە واشینگتۆن.
گرووپی حەوت ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە لە وڵاتانی کانادا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، ژاپۆن، بریتانیا و ئەمریکا پێک هاتووە.