
ڕافائێل گروسی بەرپرسی گشتیی ئاژانسی وزەی ناوکی، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی جۆزەردان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا سەبارەت بە چوارەمین ڕۆژی دەرگیرییەکانی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی قسەی کرد.
ناوبراو وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ئاسەوارەکانی ئەم دەرگیرییە سەربازییە ڕایگەیاند: زۆربوونەوەی دەرگیرییە سەربازییەکان گیانی مرۆڤەکان دەخاتە مەترسییەوە، ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەو مەتریاڵانەی کە تیشکی ڕادیۆئەکتیڤ بڵاو دەکەنەوە و خەڵک و ژینگە دەخەنە مەترسییەوە زۆرە و ئەمەش هەوڵی پێویست بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دیپلۆماتیک لە ڕاستای گەرەنتیی درێژماوەی دەستڕانەگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی دەخاتە دواوە.
بە وتەی گروسی دامەزاروە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکانی ئەم ڕۆژانەدا خەساری جیدییان بەر کەوتووە. ناوبراو ڕایگەیاندووە هەرچەند کە ئەم سیستمە بە شێوەی ڕاستەوخۆ نەکراوەتە ئامانج بەڵام ئەگەری زۆرە کە کەرەستەکانی بە هۆی پچڕانی کارەباوە زیانیان بەر کەوتبێ.
بە وتەی گروسی، جیا لە نەتەنز، چوار سایتی ناوکیی دیکەی ڕێژیم لە ئێسفەهان خەساریان بەر کەتووە و بەم حاڵەوە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە خەسارێک کە بەر دامەزراوەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی فۆردۆ، بنکەی ناوکیی بووشێهر یان ئەو ڕیئاکتۆرانەی کە لە حاڵی دروستکردندان کەوتووە، لەبەر دەستدا نییە.
لە نوێترین ئاماری ئاژانسدا، بەرزبوونەوەی بەرچاوی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی ئێران کە توانایی دروستکردنی چەکی ناوکیی هەبێت، دیار بوو بەڵام کۆماری ئیسلامی هەوڵ بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی ڕەت کردووەتەوە.