کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هەیە شەڕی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی چەند حەفتە درێژە بکێشێ

11:10 - 27 جۆزەردان 2725

هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی گرژییەکان لە نێوان ئیسرائیل و دیارنەبوونی ئاسۆیەک بۆ پاشەکشەی هەر دوو لایەنی شەڕەکە، نیویۆرک تایمز لە لێکدانەوەیەکدا ئەم شەڕەی بە بەرەوڕووبوونەوەیەکی جیاواز لە ڕابردوو لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ناو بردووە.

دانییڵ شاپیرۆ بەرپرسی پێشووی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پێنتاگۆن پێشبێنیی ئەوەی کردووە کە ئەم شەڕە چەند حەفتە درێژە بکێشێ.

ناوبراو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئیسرائیل تا کاتێ کە کۆماری ئیسلامی توانایی پیتاندنی هەبێ، درێژە بە هێرشەکانی خۆی دەدات و جەختی کردەوە کە ئیسرائیل بە هەر شێوەیەک بێت هەتا لەنێوبردنی توانایی پیتاندنی ڕێژیم لەسەر هەوڵی خۆی سوورە.

نیویۆرک تایمز بە ئاوڕدانەوەیەکی مێژووی باسی لەوە کردووە کە ڕێبەرانی ڕێژیم لە دۆخی تایبەتدا ئەتوانن هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن و بۆ نموونە ئاماژەی بە ئاگربەست لە شەڕی هەشت ساڵەی ڕێژیم لەگەڵ عێراق کردووە کە ئەوکات خومەینی وەک ڕێبەری ڕێژیم پاش ساڵانێک بەرخودان و لەژێر گوشاری تێچووەکانی شەڕدا، ناچار بە ڕێککەوتن کرا.

ئەم بڵاڤۆکە جەختی کردووتەوە کە بەم حاڵەوە ڕێککەوتن پاش ٨ ساڵ گەیشتە ئاکام و ئەمە نیشانی دەدات کە لە ئەگەری سازانی تارنیشدا، ڕەوتێکی دوورودرێژ لە بەردەم بێت.