کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی دژی یەکتر بەردەوامن

11:11 - 27 جۆزەردان 2725

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە و هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانی تاران و تێلاڤیڤ بۆ سەر یەکتر، محەممەد نائینی وتەبێژی سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕایگەیاند: ئێمە شەپۆلی نۆهەمی وەعدەی سادقی ٣مان بە شێوەی ئۆپەرسایۆنی تێکەڵاو لە پەهباد و مووشەک دەست پێ کردووە و ئەم ئۆپەراسیۆنە هەتا بەیانی درێژەی دەبێ.

هەر لەو پێوەندییەشدا، خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسی: کۆماری ئیسلامیی بە ئیزنی ئیلاهی بەسەر ڕێژیمی سەهیۆنیستیدا سەرکەوتوو دەبێ.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چوارەمین ڕۆژی هێرشەکاندا، ئیسرائیل دەنگوڕەنگی ڕێژیمی کردە ئامانج کە گرینگترین ناوەندی ڕێژیم بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و سەرکوت لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا بووە.

هەر لە ڕۆژی ڕابردوودا، بێنیامین نیتانیاهووش ڕایگەیاند کە تێلاڤیڤ خەریکی گۆڕینی ڕواڵەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

ناوبراو جەختی کردوە کە ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی بەتایبەت لەنێوبردنی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم هەموو کارێک دەکات .