کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرنجامەکانی ستراتیژیی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی

11:20 - 27 جۆزەردان 2725

دەرنجامەکانی ستراتیژیی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی

عومەر باڵەکی

٤٧ ساڵ لەو پێش گەڵانی ئێران بە نیازی هاتنەسەرکاری سیستمیکی دێموکرات و ژیانێکی خۆشتر حکوومەتی پاشایەتییان ڕووخاند. بەڵام بێ ئاگا لەوەی ئەو حکوومەتەی جێگرەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی دەبێ، نەک هەر دێموکرات نابێ، بەڵکوو ڕێچکەی ژیانیان دەگۆرێ و یاسا و ڕێسای کۆنەپەرەستانەی سەدەکانی نێوەڕاستیان بەسەردا دەسەپێنێ و بە هۆی سیاسەتەکانی کۆمەڵگەی ئێران لە دنیای پیشکەوتوو دادەبرێ. ئەو نیزامە خۆی بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دنیا ناساند و لەسەر بنەمای ویلایەتی ڕەهای فەقهیی حوکمڕانیی خۆی بەسەر گەلانی ئێراندا دەست پێی کرد.

سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوەرۆکی خۆیدا نیزامێکی ئایدۆلۆژیکە و بۆ مانەوەی خۆی هەوڵی پەرەپێدانی ئەو ئایدۆلۆژییە و باوەڕەکانی خۆی دەدا و ستراتیژیی هەناردەکردنی شۆرش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەچێتە ئەو خانەیە، دۆخێک کە حوکمڕانیی سیاسیی وڵاتانی دیکە و دەستێوەردانی سیاسی لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتانە بە ئامانج دەگرێ.

 لە پێشەکیی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا کە باس لە شێوەی حکوومەتداری لە ئیسلامدا دەکا بەڕوونی باس لەوە دەکا کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەبێ بوار و بەستێنی شۆڕشی ئیسلامیی هاوچەشنی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوی وڵاتدا پێک بێنی. بۆ پێکهێنانی ئەو بەستینەش هەم لە نێوخۆی وڵات و هەم لە دەرەوەی وڵات پێویستە کەرەستەکانی بۆ دابین بکرێ کە یەكیک لە کەرەسە گرینگەکانی بوونی ئەرتەش و سوپای چەکداری مەکتەبییە. بەڕوونی لە پێشەکیی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا باس لە ئەرتەشی مەکتەبی دەکا و دەڵێ: "ئەو سوپایە ئەرکەکەی تەنیا پاراستنی سنوورەکان نیە، بەڵکوو ئەرکی بەجێگەیاندنی مەکتەبی‌بوونی خۆی، واتە جیهاد لە ڕێگای خودا و خەبات  بۆ پەرەپێدانی حاکمییەتی قانوونی خوادیە لە سەرانسەری جیهاندا." بەو دوو نموونەی سەرەوە بە باشی  و بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەتی دەرەکیی خۆی لەسەر باوەڕە ئایدۆلۆژییەکانی خۆی داڕشتوە و لە ماوەی ئەو  ٤٧ ساڵ دەسەڵاتدارەتییدا پێڕەوەی لەو سیاسەتە کردوە و سەرچاوە و تێچووی ماددی و ئینسانی زۆری لێ خەرج کردوە.

ستراتیژیی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی ئەگەر لە قۆناخی جۆراوجۆردا بە نرخی برسیکردنی خەڵک و دواخستنی ئێران لە قافڵەی پێشکەوتنی پیشەسازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەتا ڕادەیەک توانیویەتی هێژموونی و دەسەڵاتی تاران بەسەر بەشێک لە ناوچەکەدا کە بە ناوی هیلالی شیعە ناسرابوو، بسەپێنی. بەڵام لە هەمان کاتدا بووە هۆکاری نەهامەتی و شەڕ و ململانێی دینی و ئایینیزایی و تایفی لە ناوچەکەدا و دەبینین کە درێژەدانی ئەو سیاسەتە لەژێر دروشمی "ڕیگای قودس بە کەربلادایە" شەڕێکی بێمانا و بێئاکامی هەشت ساڵەی لێ کەوتەوە و زیانێکی گەورەی ئینسانی و ئابووریی قەرەبوونەکراوە لە هەر دوو وڵاتی ئێران و عێڕاق دا. درێژەدانی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش هەر بەو شەڕە نەوەستا، بەڵکوو بە هۆی دەست تێوەردانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت وڵاتانی دیکەی جیهان، ئێرانی لە بواری سیاسیی و دیپلۆماسییەوە لە کۆمەڵگەی جیهانی دابراند و لە بواری ئابوورییەوە ئاستی ژیانی گەلانی ئێرانی گەیاندە نزمترین ئاست.

لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە لەژێر سێبەری ستراتیژیی هەناردەکردنی شۆرش بەشێکی بەرچاوی بۆ ئەوە بوو کە دەسەڵاتدارانی تاران  قەیرانە نێوخۆییەکانیانی پێ داپۆشن و شەڕ و ئاژاوە لەگەڵ ئەو دوژمنانەی بۆخۆیان دروستیان کردوون بەرێتە دەرەوەی سنوورەکانی ئێڕان. هەروەها لە ئاست کۆمەڵگەی جیهانی وا نیشان بدا کە نێوخۆی ئێران لەو ناوچە ئاڵۆزەدا لە سێبەری نیزامی کۆماری ئیسلامیدا ئەمنییەت و ئارامییەکەی لە لوتکەدایە.

دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان و دروستکردنی تاقم و گرووپی نیابەتی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە وای کرد کە پێکەوەژیانی گەلان لە ناوچەکەدا بەتەواوی بکەوێتە مەترسییەوە. کە چاو بە مێژووی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا دەخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ بە هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەو نیزامە هەم لە نێوخۆی ئێران و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران توندتیژی و شەڕ و ئاژاوە و دووبەرەکی و تێرۆر لە سەرانسەری ناوچەکە پەرەی گرتوە. بۆ نموونە ئەگەر پێش هاتنە سەر کاری دەسەڵاتدارانی تاران حکوومەتەکان لەنێو خەڵکی خۆیان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا شەرمیان بوو بە پاڵپشتی کردن لە تێرۆر تاوانبار بکرین، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا بە دەیان گرووپی تێرۆریستییان لەسەر گیرفانی گەلانی ئێران پێک هێنا و بەئاشکرا و بێ سەڵمینەوە لە یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی پشتیوانییان لەو گرووپە تێرۆریستیانە کردوە. بەڵام لە ئێستادا دەبینین سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئوکتۆبری ٢٠٢٣ ئیدی نەک هەر کارایی خۆی لە دەست داوە، بەڵکوو ئەو سیاسەتە هەڵەوچەوتانەی دەسەڵاتدارنی ڕێژیم دووبارە شەڕێکی ماڵوێرانکەری تووشی گەلانی ئێران کردوە کە ئاکامی ئەو شەڕە تەنیاوتەنیا داڕمانی یەکجارەکیی ژێرخانی ئابووری و زیانی مرۆیی قورس لە ئێران داوە. دەبینین دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئوکتۆبر و وەدەست‌هاتنی خێرای سوپای ئیسرائیل بۆ بەرپەرچدانەوە و هەڵتەکاندنی گرووپە نیابەتییەکانی ئێران و ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، لە ماوەی نزیک بە دوو ساڵی ڕابردوودا، ڕەوتی ڕوداوەکانی بەپێچەوانەی ویستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بووە و دوای ٤٧ ساڵ دروشمی بێ‌نێوەرۆک و هەزینەکردن لەژێر ناوی ئازادسازیی قودس نەک نەیانتوانیوە ستراتیژیی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی لە ناوچەکەدا جێگیر بکەن؛ بەڵکوو خەریکە ئەو سیاسەتە سەری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەخوا و تۆماری ژیانی حوکمڕانیی ئەو نیزامەش تێکەوە دەپێچی.