کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی عەلی شادمانیی ڕاگەیاند

11:43 - 27 جۆزەردان 2725

ئەرتەشی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ڕایگەیاند کە لە هێرشیکی شەوانەدا بۆ سەر یەکێک لە ناوەندە فەرماندەییەکانی سپای پاسداران لە تاران، پاسدار عەلی شادمانی، فەرماندەی نوێی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا کوژراوە.

عەلی شادمانی تەنیا چوار ڕۆژ پێش ئێستا و بە بڕیاری عەلی خامنەیی وەکوو جێگری غوڵامعەلی ڕەشید لەم قەرارگایە دیار کرابوو.

غوڵامعەلی ڕەشید لە شەوی یەکەمی هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر بنکە سەربازی و مەقەڕەکانی فەرماندەیی ڕێژیم کوژرا.

عەلی شادمانی لە مۆرە گرینگ و لەمێژینەکانی سپای پاسداران بوو کە لە ساڵی ٥٨دا پەیوەست بەم ناوەندەی ڕێژیمەوە بووە. ناوبراو پێشتر وەکوو جێگری هێزی زەمینیی سپای پاسداران لە خۆشخزمەتی بە ڕێژیم بەردەوام بووە.

تاکوو ئێستا هیچ ‌هەواڵدەرییەکی فەرمیی ڕێژیم ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ڕۆژی ڕابردوو باسی لە کوژرانی محەممەد کازمی بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا و جێگرەکەی حەسەن موحەقق و هەروەها ئەندامێکی دیکەی سپا کرد و دواتریش خودی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.