
د. مەجید حەقی: بۆ دەسەڵاتدارانی ڕێژیم مانەوەیان لە دەسەڵاتدا لە هەموو شتێک گرینگترە
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: بەهۆی بێئاکامبوونی دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ کاربەدەستانی ڕێژیم، و هەروەها هەوڵە چڕوپڕەکانی ڕێژیم بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، ئیسڕائیل و ئەمریکا لە درێژەپێدان بە دانوستانەکان نائۆمێد بوون، بووە هۆی ئەوەیکە ئیسڕائیل ڕاستەوخۆ فەرمانی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیی و نیزامییەکانی ڕێژیم بدات. بەجۆرێک کە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم هێرشانە بەردەوامن و تەنانەت تا ئاستێک چوونەتە پێش کە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیم لە هەموو کاتێک زیاتر هەستی پێدەکرێت. لەم وتووێژەدا لەگەڵ کۆمەڵێک پرسیار وەکوو: ئایا ئەم شەڕە بە مەبەستی ملکەچکردنی بەرپرسانی باڵای ڕێژیمە بۆ دانوستان، یان ئامانجەکە گۆڕینی ڕێژیمە؟ ئایا ئیمکانی ڕاگرتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ لە ئارادایە؟ لە ئاکامی بەرینبوونەوەی ئەم شەڕە لە ئێران، ئایا ئیمکانی تێوەگلانی وڵاتانی دیکەش هەیە؟ داهاتووی ئەم شەڕە چۆن دەبێ؟ و... ڕووبەڕوو دەبینەوە کە "کوردستان" بۆ تاوتوێی ئەم بابەتە وتووێژێکی لەگەڵ د. مەجید حەقی، شرۆڤەکاری سیاسی کردوە.
د. مەجید حەقی
کاک مەجید بەپێی هێرشە بەربڵاوەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر دامەزاوە نیزامیی و ئەتۆمییەکانی ڕێژیم لەم چەند ڕۆژەدا، بەڕای بەڕێزتان ئایا ئەم شەڕە بە مەبەستی ملکەچکردنی بەرپرسانی باڵای ڕێژیمە بۆ دانوستان، یان ئامانجەکە گۆڕینی ڕێژیمە؟
بۆ تێگەیشتن لە ئامانج و مەبەستی ڕاستەقینەی ئەو هێرشانە پێویستە چاوخشاندنێکی خێرا بکرێتە سەر ڕووداوەکانی ناوچەیی و ناونەتەوەیی دوای هێرشی تێرۆریستی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ کە لەودا هێزەکانی حەماس بە هێرشێکی بەربڵاو بۆسەر باشووری ئیسڕائیل زیاتر لە ١٢٠٠ کەسی بێتاوانیان کوشت. ئەم هێرشە لە ئیسڕائیل هاوشێوەی هێرشی"١١ی سێپتامبر" بینراوە و خاڵگۆڕانێکی بنەڕەتی بوو لە سیاسەتی ئەمنییەتی دەوڵەتی ئیسڕائیل. بە دوای ئەودا ئیسڕائیل نەتەنیا حەماس و غەزەی کردە ئامانجی هێرشەکانی خۆی، بەڵکوو لەنێوبردن و لاوازکردنی هەموو هێزەکانی پێوەندیدار بە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر بریتی لە ئێران و ئەو هێزانە بوون کە بەناوی "مێحوەری مقاومت" دەناسران. ئیسڕائیل هاوکات لەگەڵ شەڕی غەزە چەندین جار هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران لە سووریە و عێراق. دوا بەدوای شکستی حیزبۆڵڵا لە لوبنان و بەچۆکداهاتنی حەماس لە غەزە لە دێسەمبری ٢٠٢٤دا حکوومەتی ئەسەد ڕووخا و بەوە ئێران تووشی شکستێکی ستراتێژیک لە ئاستی ناوچەییدا بوو. لەو ماوەیەدا و هەروەها گفتگۆکانی ناوکی نێوان ئەمریکا و ئێران کە بە نێونجیگەری عەمان بەڕێوە دەچوو سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا نەیتوانی بە ئاکام بگات. هاوکات لەگەڵ بنبەستی دیپلۆماسی "شوڕای حوکام"ی ڕێکخراوی وزەی ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی دەرکرد کە بەپێی ئەو بڕیارنامە ئێران هەموو مەرجەکانی پەیماننامەی "NPT" لەژێرپێناوە و پیتاندنی ئۆرانیۆمی بە شێوەیەکی زۆر زیاتر لەوەیکە لە بەرجام و "NPT" دا ڕێگەپێدرابوو بەرهەمی هێناوە. شوڕای حوکام لە بڕیارنامەی خۆیدا نیگەرانیی جیددی خۆی لە بوونی بنکەی شاراوەی پیتاندنی ئەتۆم دەربڕی. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە ڕێک هەفتەیەک پێش کۆبوونەوەی شوڕای حوککام، ئایەتۆڵڵا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەنێوبردنی ئیسڕائیل وەک پەڵەیەکی شێرپەنجەی ناوچەیی چەند بارە کردەوە.
لە هەلومەرجێکی وادا هێرشی لە ناکاوی ڕۆژی سێزدەی ژووئیەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران فرە ڕەهەندە. ئیسڕائیل لە ئەنجامی دەیان هێرش بۆ سەر بنکەکانی ناوکی، مووشەکی، و فەرماندەیی هێزەکانی چەکداری ئێرانی تووشی زیان و زەرەرێکی زۆر کردوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرماندەکانی باڵای سوپای تێرۆریستی پاسداران و زانایانی ئەتۆمی لەناو بردوە. هەرچەند کاربەدەستانی باڵای ئیسڕائیل بەتایبەت سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بێنیامین نێتانیاهوو ڕایانگەیاندوە کە ئامانجیان ڕووخانی ڕێژیمی ئێران نیە و ئەوە ئەرکی خودی خەڵکی ئێرانە، بەڵام ئەو هێرشە دەتوانێت بەهۆی لاوازبوونی ڕێژیم، دەرفەت بۆ خەڵکی ئێران بڕەخسێنێت کە یەکگرتووانە ئەو ڕێژیمە بڕووخێنن. ئەو هێرشانەی ئیسڕائیل درێژەی شەڕێکە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە ٤٠ ساڵە لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانی خۆیەوە بەسەر ئیسڕائیلیدا سەپاندوە. بۆیە ئەو هێرشانە هەم تاکتیکین و هەم ستراتێژیک. ئیسڕائیل لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە دەیهەوێ دوو هەڕەشەی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر خۆی کەم بکاتەوە: یەکەم، کۆتایی هێنان بە پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران کە مەترسییەکی جیددی و پۆتانسیەلە بۆ سەر مان و نەمانی ئەو وڵاتە. دووهەم، لەنێوبردنی پڕۆژەی مووشكە دوورهاوێژەکانی ڕێژیم. چونکە لە ڕاستیدا ئیسڕائیل دەیهەوێ توانایی بەرگری ئێران بە ڕادەیەک لاواز بکات کە ناچاربێت بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتگۆ بۆ قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا. ئەگەر ئێران کە تا ئێستا لە هەموو بوارێکەوە شکستی خواردووە ئەو مەرجە قبووڵ نەکات، لەوانەیە گۆڕینی ڕێژیم و کوشتنی ڕێبەرانی سیاسیی ڕێژیم بکرێتە بەرنامەی داهاتووی ئیسڕائیل.
ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی کشانەوەی لە "NPT" پەیمانی قەدەغەکردنی پەرەپێدان بە چەکە ئەتۆمییەکان کردووە، ئایا ئەم هەنگاوەی ڕێژیم ڕێگا خۆشکەر نیە بۆ ئەوەیکە ئەمریکا و ئورووپا بە ئاشکرا هێرش بکەنە سەر ڕێژیم و لەنێوی ببن؟
پەیمانی NPT (پەیمانی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ناوکی) یەکێک لە بنەماکانی سەرەکیی سیستەمی ئاسایشی جیهانییە لە بواری وزەی ئەتۆمیدا کە سێ بنەمای سەرەکی هەیە کە بریتین لە بڵاونەبوونەوەی چەکی ناوکی، داماڵینی چەک و بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی. بەڵام لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا پرسی ئەتۆمی ئێران چەندین جار ناوەندی ناکۆکی نێودەوڵەتییەکان بووە. ئێران وەک وڵاتێکی واژۆکاری ئەو پەیماننامەیە، بەڵیندارە کە بەدوای چەکی ناڤۆکی دا نەڕوات و چالاکییەکانی خۆی لەژێر چاوەدێری ئاژانسی ناونەتەوەیی وزەی ناوکی بەڕێوە ببات. هیچ وڵاتێکی جیهان نیە کە ئامانجی سەربازی نەبێت و پیتاندنی ئۆرانیۆمی خۆی تا ئاستی ٦٠٪ بەرز بکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژی بەسەرکارهاتنی ئەو ڕێژیمە، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لەنێو بردنی ئیسڕائیلی کردوە و لە شاری تاراندا ڕۆژ ژمێری لەناوچوونی ئیسڕائیلی چەقاندوە. ئەمەش لە ڕاستیدا یەکێک لە هاندەرە سەرەکییەکانی ئیسڕائیل بوو بۆ هێرش بۆ سەر ئێران. دوا بە دوای دەرچوونی بڕیارنامەی شوڕای حوکام، ئێران ئەو هەڕەشەیەی دووپات کردەوە. ئێستا دوای هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێژیم پێی وایە بەو هەڕەشەیە دەتوانێت پاشەکشە بە ئیسڕائیل و ئەمریکا بکات. ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەمەیە: ئەگەر ئێران بەڕاستی بیهەوێ لە NPT دەرکەوێت، چی ڕوو دەدات؟! لەوانەیە لە ڕوانگەی "مافی نێونەتەوەییەوە" دەرکەوتن لە NPT بە "پێشێلکردنی یاسا" دانەندرێ. بەڵام لە جیهانێکدا کە لە سەر بنەمای ڕیئال پۆلیتیک بەڕێوە دەچێت دەرکەوتنی ئێران لەو پەیمانە دەتوانێت چەندین دەرئەنجامی هەبێت:
- ڕەوایی نێونەتەوەیی بۆ هێرشی هێزە هاوپەیمانەکان بەتایبەت ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
- ڕەوایی سیاسی و گوشاری بیروڕای گشتی. چونکی لە ئەگەری دەرکەوتنی ئێران لە NPT لەوانەیە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان خێراتر بڕیاری مکانیزمی ماشە (Snapback) چالاک بکات و وەک چۆن بۆ عێراق لە دەیەی ١٩٩٠ مۆڵەتی ئەوە بدات بە هێزەکانی هاوپەیمان هێرش بکەنە سەر ئێران. هەرچەند لەوانەیە ڕووسیە و چین دژی ئەو بڕیارنامەیە بن، بەڵام ڕەوایی سیاسی بۆ تەریککەوتنی ئێران زۆرتر لە هەمووکات دەبێت.
- لە هەلومەرجی ژێئۆپۆلیتیکی ئێستا، یەکیەتیی ئەمریکا و ئورووپا دەتوانن کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە جاران تەریک بکەن و هەموو دەروازەکانی پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ جیهانی ئازاد داخەن.
بەپێی ئەو بارودۆخە پڕ ئاڵۆزەی کە ئێستا ئێران و ناوچەکەی گرتۆتەوە، ئایا ئیمکانی ڕاگرتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ لە ئارادایە؟
بەڵێ، ئیمکانی ڕاگرتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ هەیە، بە مەرجێک ئێران مەرجەکانی ئەمریکا بۆ وتووێژ قبووڵ بکات. لەو هەلومەرجەدا بەهۆی ئەوەیکە ئێران لە لاوازترین دۆخی خۆی دایە ناچارە نەتەنیا لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ئەتۆمی بەڵکوو لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی مووشەکی و هێزەکانی پڕۆکسی خۆی گفتگۆ بکات. کەوابوو ئێران دەبێ واز لە پیتاندنی ئەتۆمی لە نێوخۆی ئێراندا بێنێت. مووشەکە دوورهاوێژەکانی خۆی لەناو ببات و مەودایان کورت بکاتەوە. ئێران دەبێ واز لە هێزە نیابەتییەکان بێنێت و دەست تێوەردان نەکات لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچە و هەڕەشە لە ئیسڕائیل نەکات. لە وەها دۆخێکدا لەوانەیە ڕێگەی دیپلۆماسی دووبارە دەست پێ بکرێتەوە.
ئیسڕائیل بە فەرمی ڕایگەیاند: کە خەڵکی ئێران خۆیان لە شوێنە نیزامییەکانی ڕێژیم بە دوور بگرن و تەنانەت باسی ئەوەش کرا کە تاران چۆڵ بکەن، ئایا ئەم پەیامە بە واتای بەرینبوونەوەی شەڕەکە نییە؟
بەڵێ، ئەم هۆشداریە دەبێ وەک نیشانەیەکی ڕوونی پەرەسەندنی شەڕەکە ببیندرێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ بە مووشەکی باڵستیک و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکان هێرش دەکاتە سەر شوێنە نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل لەوانە تەلاڤیڤ و حەیفا. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی ئیسڕائیل کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوون. ئەم هێرشانە سنوورەکانی شەڕی بەزاندووە و زیانی ڕاستەخۆی بە خەڵکی ئاسایی و مەدەنی گەیاندووە. لە بەرانبەر ئەو دۆخەدا، ئیسڕائیل هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ناوەندە مووشەکییەکان و ئەتۆمییەکان، بنکە سەربازی و ئابوورییەکان و بەڵکوو هۆشداری داوە کە دوور بکەون لە بنکە نیزامی، پادگانەکان و پایگا مووشەکییەکان و تەنانەت ناوندە توێژینەوەکانی سەربازی و تەکنۆلۆژی سەربازی. ئەم ئاگادار کردنەوە لە ئەدەبیاتی سەربازی و "حقوق جنگ" بە واتای ئامادە سازی بیروڕای گشتییە بۆ دەستپێکی قۆناغێکی قووڵتر و توندتری شەڕەکان کە دەتوانێت ناوەندە ستراتێژیکەکانی رێژیم لە قووڵایی خاکی ئێران و لەناو شارەکان بکاتە ئامانج. بەوە بەرپرسایەتیی ئەخلاقی کوژرانی کەسانی مەدەنی لە ئێران دەکەوێتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەهۆی ئەوەیکە بنکە سەربازییەکانی خۆی لەناو خەڵکدا ساز کردووە.
پێوەندیدار بە پرسیاری پێشوو، لە ئاکامی بەرینبوونەوەی ئەم شەڕە لە ئێران، ئایا ئیمکانی تێوەگلانی وڵاتانی دیکەش هەیە؟
بە دڵنیاییەوە ئەگەری تێوەگلانی وڵاتانی دیکەش لەو شەڕەدا هەیە. ئەمریکا تا ئێستا ڕاستەوخۆ بەشداری لە شەڕەکەدا نەکردووە، هەرچەند پشتیوانی سیاسی و دیپلۆماتیکی کردووە لە هێرشەکانی ئیسڕائیل. وڵاتانی ئورووپایی خوازیاری نێونجی گەرین. بەڵام ئەگەر بێت و ئێران ئامادە نەبێت بگەڕێتەوە سەر مێزی گفگتۆ و هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو لەوانەیە هەم ئەمریکا و هەمیش وڵاتانی کەنداو و تەنانەت وڵاتانی ئورووپاییش بگلێنە نێو شەڕەکە.
کاک مەجید بەم پرسیارە کۆتایی بە وتووێژەکە دێنم، ئەوەیش ئەوەیە کە داهاتووی ئەم شەڕە چۆن دەبینن؟
لە ڕاستیدا داهاتووی ئەم شەڕە گرێدراوە بە بڕیارەکانی ئەکتەرە سەرەکییاکەنی ناوچە و لە هەمووان گرینتر بڕیاری خامنەیی و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران. بۆ دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران مانەوەی ڕێژیم لە هەموو شتێک گرینگترە، بۆیە بە دووری نازانم رێژیم بەرلەوەیکە تووشی بەرفراوانتر بوونی شەڕ و بەشداری وڵاتانی دیکە بێت، بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتگۆ و مەرجەکانی ڕۆژاوا قبووڵ بکات. هەڵبەت ئەگەر زۆر درەنگ نەبووبێت.
کاک مەجید سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا و ماندووش نەبن.
سپاس بۆ جەنابیشتان، ئێوەش ماندوو نەبن.