کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ٣ کەس لە هێرش بۆ سەر ناوەندی پڕوپاگاندای ڕێژیمی ئێرانی

12:44 - 27 جۆزەردان 2725

کوژرانی سێ کارمەندی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە ئاکامی هێرشەکەی ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم ناوەندە، پشتڕاست کرایەوە.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، سەر بە سپای پاسداران، سێ کەس لە کارمەندانی دەنگوڕەنگی ڕێژیم بە ناوەکانی، مەعسوومە عەزیمی، نیما ڕەجەبپوور و کەسێکی دیکە بە ناوی جەوادپوور، لە هێرشەکەدا کوژراون.
جیا لەم سێ کەسە بە گوێرەی زانیارییەکان ژمارەیەکی دیکەش لە کارمەندانی دەنگوڕەنگی ڕێژیم کە ئەرکی سەرەکییان بڵاوکردنەوەی پڕوپاگاندا بۆ ڕێژیم بوو، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بریندار بوون.
تەسنیم زیادیشی کردووە کە ئاگرەکەی نێو بینای دەنگوڕەنگی ڕێژیم بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ کراوە.
دەنگوڕەنگی ڕێژیم ساڵانێکە لە خزمەتی بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری، پڕوپاگاندا و بانگەشە بۆ سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٤، لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج.
ئەم ناوەندە ڕۆڵی سەرەکیی لە سانسۆڕی ڕاستییەکانی نێو چوارچێوەی ئێران و ستەمی نەتەوەیی بۆ سەر نەتەوە نافارسەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە هەبوو.