
ڕۆژی شەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤، کۆنفرانسی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لەژێر ناوی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و ئێرانی سبەینێ، لە فرانکفۆرتی ئاڵمان و بە بەشداریی نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئەندام لەم کۆنگرەیە بەڕێوە چوو.
لە سەرەتادا حافز فازڵی بە نوێنەرایەتی لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، پەیامێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە ئامانجی سێمینارەکە و ژمارەی پانێلەکان کرد.
ئاسۆ ساڵح بەڕێوەبەری پانێلی یەکەم بوو کە لەژێر ناوی ئێرانی فرەچەشن، گرینگی و دەفرایەتیی کۆنگرە لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو بەڕێوە چوو. بەشداربووانی ئەم پانێلە بریتی بوون لە کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ناسر بولیدەیی سکرتێری حیزبی خەڵکی بەلووچستان و وێژدان هیدەڵرەحمین ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی تەزامۆنی دێموکراتیکی ئەحواز.
کاک مستەفا هیجری بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات باسی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەی کرد و ڕایگەیاند کە کۆنگرە ئەبێ پشت بە هێزی خۆی و هێزی خەڵک لە ناوخۆی ئێران ببەستێ، کاک مستەفا لە وتەکانی خۆیدا پێشنیاری دوو پرۆژەی کرد کە بریتی بوون لە: دروستکردنی ژووری فکری بۆ پێکهێنانی گوفتمانی هاوبەش و هەروەها سازماندێهیی نوێ بۆ چالاکبوونی زیاتری کۆنگرە.
جەمشید بەهرامی بەڕێوەبەری پانێلی دووهەم بوو کە لەژێر ناوی لە پەرتەوازەییەوە تا هاوڕاستایی پێویستیی پێکهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوە چوو. بەشداربووانی ئەم پانێلە بریتی بوون لە بەختیار عەلیار، نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، زیا سەدرولئەشرافی نوێنەری حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان، جما بوورش نوێنەری شۆرای هاوکاریی تورکمەن سەحرا و جەمشید ئەمیری سکرتێری گشتیی بەرەی یەکگرتووی بەلووچستان.
شیوا ڕاد بەڕێوەبەری پانێلی سێهەم بوو کە لەژێر ناوی ڕۆڵی ژنان لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوە چوو و بەشداربووانی ئەم پانێلە بریتی بوون لە جوانا تەیمەسی، ژنە چالاکی کورد، مەهسا ئەربابی ژنە چالاکی بەلووچ و مەهسا لاساری چالاکی سیاسی.