
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانی خۆی سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران وتی: "تاقەتم نییە لەگەڵ ئێران وتووێژ بکەم".
سەرۆککۆماری ئەمریکا لەکاتێکدا کە خەریک بوو دەگەڕایەوە لە دانیشتنی گرووپی حەوت، لە نیو فڕۆکەی "ئەیر فۆڕس وان" لە وڵامی پرسیاری هەواڵنێران سەبارەت بە کۆتاییهاتنی شەڕ ڕایگەیاند کە دەیهەوێت کۆتایی بە کێشەکە بێت و تاران بە تەواوەتی دەست لە وزەی ناوکی بکێشێتەوە.
ترامپ لەم پێوەندییەدا بە هەواڵنێرانی وت: "کۆتاییم پێ باشترە لە ئاگربەست، کۆتاییەک کە ئێران بە تەواوەتی خۆی بە دەستەوە بدات".
ناوبراو لە درێژەدا و بە ئاماژەدان بە دەرفەتی ٦٠ ڕۆژەی بە ئێران پشتڕاستی کردەوە کە ئەوان کەڵکیان لە دەرفەتەکە وەرنەگرت و ڕێێکەوتنیان نەکرد.