
خێوی شەڕ و ئاوابوونی خۆری تەمەنی
عەلی بداغی
دیکتاتۆڕ و رێژیمە فاشیستی و توتالیتێرەکان هەموو یەک چارەنووسی هاوبەشیان بووە کە تێداچوونە، و ئەوەش ئاکامی هەڵەی لێکدانەوەیان لە دۆخ و پێگەی خۆیان بووە. هێرشی ئادۆڵف هیتلێر بۆ یەکیەتیی سۆڤییەت (١٩٤١) بەو وەهمە کە سوپای سوور لاوازە و ئەو هەڵە ستراتیژییە چارەنووسی شەڕی جیهانیی دووهەمی بەراوەژوو کردەوە. ستراتیژیی مستی ئاسنینی نیکۆلا چائۆشسکۆ بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خەباتی مەدەنیی خەڵکی ڕوومانی (١٩٨٩) کە بووە هۆی هەڵگەڕانەوەی سوپای وڵاتەکەی و دواتر گوللەباران کرانی خۆی و ژنەکەی. هێرشی سەدام حوسێن بۆ سەر کوێت (١٩٩٠) کە دواتر بووە هۆی ڕووخانی ڕێژیمەکەی بەهۆی دەستوەردانی دەرەکی. سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی لیبی بە بڕیاری ڕاستەوخۆی مەعمەر قەزافی (٢٠١١) کە ئەوی تووشی ئەو چارەنووسە کارەساتبارە کرد. هەوڵی بەشار ئەسەد بۆ مانەوە لەسەر کورسیی دەسەڵاتی سووریە پاش ڕووداوەکانی بەهاری عەڕەبی (٢٠١١) بە نرخی وەڕێخستنی سێزدە ساڵ شەڕی نێوخۆیی و ملدان بۆ شەڕە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئەوی ناچار بە هەڵاتن بۆ مۆسکۆ کرد. لەڕاستیدا ئەوانە تەنیا چەند نموونەیەکی مێژوویی ئەو تۆمارە لە ڕابردوویەکی نیزیکی سەردەمی ئێمەن. ئەمە بۆ خامنەیی و ڕێژیمەکەشی ڕاستە. پرسیار ئەوەیە چ شتێک کۆماری ئیسلامیی ئاوا غەڕڕە و بێمنەت لە ڕوودانی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسڕائیل کردبوو؟
خۆ ئەگەر لێدوان و دەرکەوتنە مێدیاییەکانی پێشتری ژێنەڕاڵە کوژراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە قاسم سولەیمانی ڕا بگرە هەتا حوسێنی سەلامی و لە غوڵامعەلی ڕەشید ڕا بگرە هەتا محەممەد باقری و ئەمیر حاجیزادە بە بنەما وەربگرین، بۆمان دەردەکەوێ کە وەهمی بەهێزی و پارێزراوییان لە سۆنگەی زەڕادخانەی دڕۆن و مووشەکە بالستیکییەکانیان، و هەروەها هێزە نیابەتییەکانیان لە عێڕاق، یەمەن، سووریە، لوبنان و فەلەستین کە قاسم سولەیمانی بە قەڵغانی ٢ هەزار کیلۆمەتریی پارێزەری ئێران ناوی دەبرد، سەریانی خوارد. نواندنی هێزی مووشەکیی سنووردار لە عەمەلیاتەکانی بەناو "وعدە صادق"ی یەک و دووشدا نەک هەر ئیسڕائیلی نەترساند، بەڵکوو خۆیان گوتەنی وەخەبەری هێنان و لێیان ڕابوون و لەژێر ناوی ئۆپەڕاسیۆنئ "شێری ڕاساو"دا و هەتا ئێستا کارێکیان پێ کردوە با بە دەواری شڕی نەکردبێ.
کۆماری ئیسلامی بێسەرنجدان بە گۆڕانکاری لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاند و ئیسڕائیلی تووشی شەڕ لە چەند بەرەدا کرد، بەو خوێندنەوەیە هەڵەیە کە شەڕی درێژخایەن و چەند لایەنە لە چەند بەرەدا نەتانیاهوو بەچۆک دادێنێ. بەڵام هەر ئەو هەڵە ستراتیژییە بووە هۆی کەوتنی دۆمینۆی قەڵغانە بەرگرییەکەی. سەرەتا حەماس لە غەززە، پاشان حیزبوڵڵا لە لوبنان، دوایە ڕووخانی ڕێژیمی سووریە و ڕاکردنی بەشار ئەسەد بۆ ڕووسیە، بە دوای ئەوەدا هەڵتەکاندنی حوسییەکانی یەمەن و کەوتنە قاوغی خۆپارێزیی هێزە نیابەتییەکانی دیکەی ڕێژیم لە ناوچە هەتا کار گەیشتە ئەوەی لە تاران، پێتەختی ڕێژیمەکەیان زرمبەیان لێ هەڵستاند. لەو بارودۆخەدا تەنانەت پشتیوانیی بەناو هاوبەش و هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی -چین و ڕووسیە-ش دادی نەدا و لە چەند بەیاننامەیەکی نەزۆکی دیپلۆماسی تێنەپەڕی، ئەوەش سروشتییە کە ئەم دوو هێزە زەبەلاحە نە گرێو لەسەر ئەسپی تۆپیو دەکەن و نە بەرژەوەندییە مەزنەکانیان لەپێناو هێزێکدا دەخەنە مەترسییەوە کە هەتا ئێستا وەک کارتی ئیمتیازوەرگرتن لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا کەلکیان لێ وەرگرتوە.
هەڵەیەکی ستراتیژیی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو لە کاتێکدا چەغماغەی شەڕ لەگەڵ زلهێزێکی ناوچەیی لێدا -کە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەهێزیشی هەیە- کە بۆخۆی لە نێوخۆی وڵاتدا نەک شەرعییەتی سیاسی و خەڵکیی نیە پشتی پێ ببەستێ، بەڵکوو کۆی قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ڕێک لە چاوی ڕێبەرانی ڕێژیم و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی دەبینن؛ پێگەی ڕێژیم لەو شەڕەی ئەوەندە دیکەش لاواز کردوە.
کۆماری ئیسلامی ئێستا لە بارودۆخێکدا لە شەڕ چەقیوە کە توانا سەربازییە سنووردارەکانی کە تەنیا لە مووشەک و دڕۆندا خۆی دەبینێتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبێ و ئی ئەوە نیە بتوانێ وەک کارتێک لە هاوکێشەکانی شەڕ نەک بۆ یەکلاکردنەوەی لە بەرژەوەندیی خۆی، بەڵکوو تەنانەت بۆ ڕاگرتنی شەڕەکەش بە کاری بێنێ. هەروەها لە تەنیشت بێمتمانەیی خەڵک بە دەسەڵات و شکستی سیاسەتی دەرەکی و بەرەبەرە تێچووی قورسی شەڕ و تێکچوونی زیاتری ژێرخانە ئابوورییەکانی وڵات و پێکهاتە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و گوشاری هەمەلایەنەی قەیرانە فڕەڕەهەندەکان لەسەر خەڵک، ئەگەری خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییە سەراسەرییەکان بەهێزتر دەکا؛ ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانەی بێگومان ئامانجەکەیان تەنیا گۆڕینی ڕێژیم دەبێت.
فاکتەرێکی دیکە جۆری مامەڵەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و ڕکەبەرەکانی ئێران لە ناوچەیە، لە تورکیە ڕا بگرە هەتا دەگاتە میسر کە سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان لە ئاستی دیپلۆماسیدا بەڵام دەیان ساڵە و ئێستاش پتر لە هەموو ئەو ساڵانە کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری ناسەقامگیریی ئەمنییەتی و قەیرانە سیاسییەکانی وڵاتانی خۆشیان دەزانن و بەرژەوەندییەکانیان پتر بە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمریکا گرێ داوە هەتا مانەوەی کۆماری ئیسلامی.
بەگشتی هەڵەی لێکدانەوە و گۆڕینی چارەنووسی دیکتاتۆرەکان ئەگەر بەشێکی وەهمی هێز و دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان و بێبایەخیی فاکتەر و ڕاستییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانە لە بڕیارەکانی ئەواندا، بەشێکی دیکەشی بۆ پشتکردن لە خەڵک و متمانە و پشتبەستنی زۆریان بە وەفاداریی هێزە چەکدارەکان و بازنەکانی دەسەڵاتی دەوروبەری خۆیان دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەزموونی هەرەسهێنانی دیکتاتۆرییەکانی پێشوو پێمان دەڵێن کە لە بڕگە مێژووییە چارەنووسسازەکان و خاڵگۆڕانەکانی قەیراندا هێزە سەرکوتگەرەکانی دیکتاتۆریش لە بەرامبەر سەرهەڵدانی خەڵک یان زەبری هێزی دەرەکیدا زوو دادەڕمێن.
پاش ٤٧ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی هەموو مێژووی ئەم ڕێژیمە کوشتار و وێرانی بووە. خێوی شەڕ هەر لە سەرەتای گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵات پاش شۆڕشی ١٣٥٧ پێش هەموو شتێک لە نێوخۆی وڵات شەڕی بە کورد فرۆشت و هێرشی بۆ هێنا و مێژوویەکی لە کوشتار و قەڵاچۆی کورد تۆمار کرد. بەردوامیی شەڕ دژی نەتەوەی کورد و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی ئێران و مافەکانیان لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا سیاسەتی نەگۆڕی ڕێبەرانی ڕێژیم بووە. لە دەرەوەی وڵاتیش درێژکردنەوەی شەڕ لەگەڵ عێڕاق بۆ ماوەی ٨ ساڵ و هەڵگیرساندنی شەڕی نێوخۆیی و نیابەتی بۆ خۆی لە وڵاتانی یەمەن، لوبنان، سووریە، فەلەستین و عێڕاق و وەپاشدانی ئەو وڵاتانە بۆ دەیان ساڵ پەرەسەندن بەشێکی دیکە لە کارنامەی ئەو ڕێژیمەن. لە ئیستاشدا کە ڕێژیم بەرەی شەڕێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسڕائیل کردوەتەوە، شەڕی ڕاستەقینەی هەر لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە. ئەم شەڕە کە دەتوانێ و دەشبێ کە کۆتا شەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ، هەر دەبێ لە مەیدانی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا یەکلا بکرێتەوە و یەکلاش دەکرێتەوە. ئەوەی کە هەتا ئێستاش کۆماری ئیسلامی لە مەیدانی بەربەرەکانی لەگەڵ خەڵکدا بەهێز دەنوێنێ نەک بۆ تواناکانی شەڕ و خۆڕاگریی زاتیی ڕێژیم، بەڵکوو بۆ نەبوونی ڕێکخستنی گشتی، نایەکگرتوویی ئۆپۆزیسیۆن و نەبوونی ئاڵترناتیڤ بۆ ئەم ڕێژیمە دەگەڕێتەوە.