کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەکارخستنی هێزی مووشەکیی ڕێژیم

20:31 - 27 جۆزەردان 2725

بەپێی دوایین زانیارییەکان لە سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە، تواناکانی ڕێژیم بۆ هاویشتنی مووشەک بەرەو ئیسرائیل، سات بە سات کەمتر دەبێتەوە.

ڕادیۆ ئەرتەشی ئیسرائیل لە دوایین زانیاری سەبارەت بە توانا مووشەکییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا نیوەی سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان و نوێترین زانیارییەکان لە پێوەندیی لەگەڵ توانا مووشەکییەکانی ئێران، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل توانیویانە بە سەدان هێرشی ئاسمانی، نیوەی سەکۆ مووشەکییەکان لەنێو بەرن و هەر بەم هۆیەوە جار لەگەڵ جار ڕێژەی ئەو مووشەکانەی کە بەرەو ئیسرائیل دەهاوێژرن، کەمتر دەبنەوە.
بۆ نموونە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ڕۆژی یەکەم و دووهەمی شەڕەکە، سەدان مووشەکی بالستیک و هایپێرسۆنیکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتووەتە دەیان مووشەک کە ئەویش لە چەند کاتژمێرێکدا ئەنجام ئەدرێت.

جێی ئاماژەیە کە بەهۆی بەرگریی سیستمی چەند بەشی دژە ئاسمانیی ئیسرائیلەوە، ڕێژیمی تاران بۆ خەسارگەیاندن ناچارە پۆلێک مووشەک بەشێوەی هاوکات ئاراستە بکات تاکوو بەشێکیان بتوانن سیستمە دژە ئاسمانییەکان تووشی هەڵە بکەن و ئامانجەکانیان بپێکن.

بەم پێیە دەردەکەوێت کە ئیسرائیل دەتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا توانا مووشەکییەکانی ڕێژیم بەرەو فەلەجکردن ببات و ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا بە تەواوەتی لەکاری بخات.

چاوەدێرانی سەربازی بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان وتووە: "ئەرتەشی ئیسرائیل تەنیا چەند خولەک پاش هاویشتنی مووشەکەکان، شوێنی ئاراستەکردنیان ئەدۆزێتەوە و دەیانکاتە ئامانج و هەر بەم هۆیەوەیە کە هێزەکانی ڕێژیم زۆرتر لە شەودا مووشەکەکانیان ئاراستە دەکەن و کەمتر لە ڕۆژدا هاتوچۆ بە هاوێژەرەکانیان ئەکەن".