کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتێک لەسەر شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بانە و ترس و دڵەڕاوکێی سپا و ئیتلاعاتی ڕێژیم

11:06 - 11 جۆزەردان 2725

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، شەشەمین فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێی بانە لە ڕۆژانی ۷، ٨ و۹ی جۆزەردان بە بەشداریی ۱۲ گرووپی هەڵپەڕکێ و بەشداریی دوو هەزار گەشتیار لە چەندین پانێلی جیاوازی کارناڤاڵی شەقام، نواندنی گرووپە هەڵپەڕکێکان، وتاری زانستی و فێرکاریی هەڵپەرکێ و چەندین پانێلی دیکە لە دوو هۆڵ بەڕێوە چوو.

لە فێستیڤاڵەدا یەکەم خاڵی جێگای سەرنج بەشداریی بێوێنەی خەڵکی شاری بانە بە جلی کوردی و جامانە و هەوریەوە بوو کە بە تەواوەتی سپا و ئیتلاعاتی هێنابووە لەرزە. هەروەها خاڵی دیکەی جێگای سەرنج بەشداریی بەشێکی زۆری میوانان بوو کە لە شارە فارس و تورک و عەربەکانەوە بۆ بینینی فێستیڤاڵەکە ڕوویان لە بانە کردبوو.

لە شەوی یەکەمی فێستیڤاڵ کە لە هۆڵی شانۆی خانە فەرهەنگ بەڕێوە چوو هێزەکانی سپا و ئیتلاعات بە جەلی مەدەنییەوە بۆ ئازاردان و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ هەموو ساڵۆنیان بە کامێرا خستبووە ژێر چاوەدێرییەوە.

بەپێی راپۆرتەکان کاتێ هێزەکانی سپا و ئیتلاعات زانیان بەشداریی خەڵک بە جلی کوردی و جامانە و جلی خاکیەوە بەرچاوە لە شەوی دووهەمی فێستیڤاڵەکە لە هۆڵی ئازادگان بە ڕێژەیەکی زۆر ڕژابوونە نێو خەڵک و بە لابردنی جامانە لە ملی بەشداربووان و هەڕشەی حیجاب لە ژنان ویستیان بەشداریی خەڵک کەم کەنەوە کە جەماوەری بە ئەمەگ لە شەوی دووهەمدا بە بەشداریی ٣ هەزار کەسی بە جلی کوردی و جامانە و هەوریەوە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم وەستانەوە.

 لە شەوی سێهەم و شەوی کۆتایی لەگەڵ ئەوەیدا بەرپرسانی ئیدارەکان بە گشتی و نوێنەری بانە و سەقز و فەرمانداری و نوێنەری وەزارەتی فەرهەنگ بەشداریان بوو بە وێنەی شەوانی پێشوو نێو هۆڵ و دەرەوەی هۆڵەکەشیان گەمارۆ دابوو و ئەوە لە کاتێکدابوو کە گرووپی هەڵپەڕکێی مەهاباد بە جلی خاکییەوە نواندنیان کرد. هەرچەند زۆر هەوڵیان دا کە ڕێگرییان لێ بکەن و بۆ چەند خولەک برنامە ڕاگیرا، بەڵام کاتێک ڕووبەڕووی دەنگی ٤ هەزار کەسی بوونەوە وازیان هێنا و جیا لە چەند جاش و بەکرێگیراو هوڵیان بەجێ هێشت و چوونە دەرەوە و لە کەشێکی پڕ لە هەست و سۆزی کوردانە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بانەدا سەرکەوتووانە کوتایی پێ هات.