کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شەڕی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی لە شەشەمین ڕۆژدا

09:21 - 28 جۆزەردان 2725

لە یەکەمین کاتژمێرەکانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەرداندا، شایەتحاڵان باسیان لە بیسترانی دەنگی تەقینەوە و چالاکیی پەدافەندی ئاسمانیی ڕێژیم لە تاران و کەرەجدا کرد. پێش لەوەش لە شارەکانی شیراز، مەراغە و شاهروود دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیسترابوو و لە سێمنانیش پەدافەندی ئاسمانی کارا کرابوو.

هاوکات  لەگەڵ ئەمە ئیسرائیل باسی لە دەسپێکردنی شەپۆلێکی نوێ لە هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتەکەی کرد.

هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ناوەندی ئیسرائیل بووە و بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل هیچ خەسارێکی گیانییان بەدواوە نەبووە.

بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکەی ئەمجارەی خۆیدا ژمارەیەکی زۆرتر مووشەکی بەکار هێناوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو، لە زۆربەی میدیاکاندا باس لەوە کرا کە توانایی مووشەکیی ڕێژیم لە ماوی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لە کزیی داوە و ژمارەی مووشەکە هاویژراوەکانی بەرەو ئیسرائیل کەمی کردووە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم لە زاری بەرپرسانی سپای پاسدارانەوە باسیان لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی لەم هێرشە نوێیەدا کەڵکی لە مووشەکی "فەتاحی یەک" وەرگرتووە.