کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل سایتێکی بەرهەمهێنانی سانتریفیووژی لە تاران کردە ئامانج

10:47 - 28 جۆزەردان 2725

ڕۆژی سێشەممە و هاوکات لەگەڵ پێنجەمین ڕۆژی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی دژی یەکتر، ئەرتەشی ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشەکانی خۆی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل لەم بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە کە بە ئامانجی لاوازکردنی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی و پیشەیی مووشەکیی ئەم ڕێژیمە، بە زیاتر لە ٥٠ فڕۆکەی شەڕکەری خۆی سایتێکی بەرهەمهێنانی سانتریفیووژ و کۆمەڵێک لە ئامانجە نیزامییەکانی لە تاران کردە ئامانج.

بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی لەم سایتە بۆ بەرهەمهێنانی سانتریفیووژ بۆ بەرزکردنەوەی دەفرایەتی و خێرایی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە مەبەستی دروستکردنی چەکی ناوکی کەڵک وەردەگرێت.

ئیسرائیل لە خولی نوێی هێرشەکانیدا بۆ سەر تاران، چەند سایتی بەرهەمهێنانی چەکی کردووەتە ئامانج کە ئەم سایتانە کارخانەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی سەرەتایی بۆ مۆنتاژی مووشەکی زەوی بە زەوی لەخۆ ئەگرن.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە چەند سایتی بەرهەمهێنانی سیستەم و پارچەی پێوەندیدار بە مووشەکی زەوی بە هەوای بۆمباران کردووە.