
ئەی بی سی نیووز لە زاری چەند بەرپرسی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی نیشانەگەلێکی لەمەڕ خواستی خۆی بۆ دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان لەگەڵ ئەمریکا نیشان داوە.
لەم ڕاپۆرتەدا لە زاری ئەم بەرپرسانەوە هاتووە کە ئێران لە دۆخێکی لاوازدایە و ئەگەری هەیە ناچار بە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژەکان بێت و لە کۆتاییدا ڕێککەوتنێک قەبووڵ بکات کە وەلانانی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەخۆ بگرێت.
بە وتەی ئەم بەرپرسە ئەمریکییانە، ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژ و ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم قەبووڵ بکات، ئەگەری هەیە دانیشتنێکی باڵا بە ڕێبەریی ستیڤ ویتکاف، نوێنەری تایبەتی ترامپ لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت بە بەشداریی جی دی وەنس جێگری سەرۆککۆمار لەم حەفتەیەدا بەڕێوە بچێت.