
لە یادی ٤٥ ساڵەی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێراندا
برایم چووکەڵی
ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، چلوپێنجەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی دەنگی کوردستانی ئێرانە. ئەوەی ئەمڕۆ لەم کورتە باسەدا یادی دەکەینەوە، پێوستیی بەوەیە زۆرتر ئاوڕ لە سەرەتای دامەزرانی و لە ساڵەکانی سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم ڕادیۆیە بدەینەوە کە ئەوکات وەک دەنگی بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی کوردستان لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٩ بە سەرەتاییترین ئیمکانات و بە وتە بەنرخەکانی ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو دەستی بەکار کرد. ئەم دەزگای مێدیاییەی حیزب لە ماوەی چەندین ساڵ کاری بەردەوامی خۆیدا لەگەڵ ئەو هەموو گیروگرفتە جۆراوجۆرەی لەسەر ڕێگای بووە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بە گوڕووتینەوە درێژەی بە ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆی داوە.
ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە کاتێکدا دامەزرا کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشی بەربڵاویان کردە سەر کوردستان و لە ڕاگەیەندنەکانیشیاندا فڕوفیشاڵ و درۆ و بابەتی ڕییاکارانەیان بۆ خەڵک بڵاو دەکردەوە تا تۆیی دووبەرەکی و ناهۆمێدی لەنێو خەڵکدا بچێنن، بە تایبەت ئەوکاتە پێشمەرگە بەرەبەرە لە شارەکان دەهاتە دەر و بۆیە دامەزرانی دەنگی کوردستان لە هەلومەرجی ئەوتۆدا پێویستییەکی مێژوویی بوو.
لە ماوەی کاری ڕادیۆدا کە ببووە خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و سەری بە هەموو ماڵ و کەلێن و قوژبنێکدا دەکرد، هەر لەو کاتەدا یەکێک لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کە ئەوەندەی لە توانایان دابوو شوێنی ڕادیۆ بدۆزنەوە و بۆمبارانی بکەن، بەڵکوو ئەگەر بۆیان کرابا بۆ ماوەیەکی کاتییش با ڕادیۆی دەنگی حەقخوازانەی کورد بێدەنگ بکەن. ئەگەرچی زۆرکات گرمەی دەنگی تۆپ و کاتیۆشاکانی کۆماری ئیسلامی، بێژەرانی ڕادیۆی ڕاچڵەکاندوە، بەڵام لەکار نەوەستاون و لەگەڵ ئەو هەمووە گیروگرفتانەی لەسەر ڕێگای بوون ئەو ڕادیۆ پڕکارە کە لە سەردەمانێک چرای ڕووناکی نەتەوەی کورد بوو، هەر درێژەی بەکاری خۆی دا.
خۆشەویستیی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران لای کۆمەڵانی خەڵک لەوەدا بوو کە لە هەموو هەلومەرجێکدا ڕاستییەکانی بە کۆمەڵانی خەڵک دەگوت، ئەگەر ژمارەیەکی زۆریش پێشمەرگە شەهید بوایە ڕادیۆ ڕاستییەکانی بڵاو دەکردەوە. بۆ نموونە: ڕۆژی ٢٩ی گهلاوێژی ساڵی ١٣٦٢، یهکێک لهو ڕۆژه لهبیر نهکراوانهی حیزبهکهمانه، پێشمهرگه ئازاکانی دێموکرات له ناوچەی لەیلاخی سنه له شهڕێکی قارهمانانهدا لهگهڵ دوژمنانی ئازادی، سهنگهریان به خوێنی خۆیان سوور کرد و ١٦ فەرماندە و کادری ئەم ناوچە بەیەکەوە شەهید بوون. هەروەها ساڵێک دواتر لە ١٢ی پووشپەڕی ١٣٦٣ فەرماندەری هێزی بەیان لەگەڵ ٢٥ هاوسەنگەری بەیەکەوە شەهید بوون، بەڵام ئەم ڕادیۆ ڕاستگۆیە بەبێ شاردنەوە هەواڵە دڵتەزێنەکانیشی بە خەڵکی کوردستان ڕادەگەیاند، هەر ئەوەش بووە هۆکاری خۆشەویستیی ئەم ڕادیۆیە. تەنانەت زۆرجاریش دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاستی و دروستی ئاماری شەڕەکان پشتیان بە هەواڵەکانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دەبەست. بۆیە لە لایەک چقڵی چاوی دوژمن بوو، لەلایەکی دیکە جێگای حاشالێنەکراوی لەنێو جووڵانەوەی کورد و کوردستاندا بۆخۆیی کردبۆوە. ئەم ڕادیۆیە خۆشەویستی و باوەڕ و متمانەی خەڵکی کوردستانی بەدەست هێنابوو، و ئەوە بۆخۆیی شانازییەکی گەورەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەت ئەوانەی هەڵسووڕێنەرانی ڕادیۆ بوون، بەحەق دەبێ پێی بنازن و سەربەرز بن.
لە جیهانی ئەمڕۆدا ئاڵوگۆڕی قووڵ بەسەر تێکنۆلۆژیدا هاتوە و کەرەستەکانی گەیاندن و مێدیایی پێشڕەفتی زۆری کردوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر بەرەوپێش هەنگاو دەنێ، بەڵام با ئەو چرا گەشاوە لەبیر نەکەین کە لە سەردەمانێک جێگای هیواوهۆمێدی خەڵکی کوردستان و ئاوێنەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بوو.
ماوەتەوە لەو باسە کورتەدا بڵێین و ئاماژە بەوە بکەین زەحمەت و ماندووبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەران و هەڵسووڕاوان و کادر و پێشمەرگەی ڕادیۆ لە ڕێبەرایەتی ڕا بگرە تا پێشمەرگەیەکی سادە، کە ساڵانێکی بەردەوام زەحمەتیان کێشا و تکتک ئارەقەیان دەڕشت لە هەموو هەلومەرجێکدا بێوچان و بێڕاوەستان بۆ ساتێکیش ڕێگایان نەدا ئەو ڕادیۆ بەنرخە لەکار بۆوەستێ و زۆر جاریش لە گواستنەوەدا تەنانەت ئامادە بوون گیانی خۆیان پێشکەش بکەن، سپاس بۆ زەحمەتەکانیان، بۆ فیداکارییان، بۆ ماندووبوونی شەو و ڕۆژیان، لە ڕاستیدا ئەوانەی بوونە هۆکاری بەردەوامبوونی ڕادیۆ جێگای شانازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن.