کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە دووڕێیانی تەسلیمبوون یان تێداچووندا

15:58 - 28 جۆزەردان 2725

ڕێژیمی ئێران لە دووڕێیانی تەسلیمبوون یان تێداچووندا

ڕەحیم نزهەت‌زادە

پێنج ڕۆژ، بەسەر دەستپێکردنی شەڕێکی تەواو عەیار، لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیلدا تێپەڕی. شەڕێک کە دەتوانێت نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ دەیان ساڵ دووبارە دابڕێژێتەوە. هەمووی بە هێرشێکی پێشوەختە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی پێ کرد؛ هێرشێکی گەورە، ڕێکخراو و ئامانجدار کە بە پێی هێندێك سەرچاوە، ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی دامەزراوە هەستیارە سەربازی، موشەكی و ئەتومیی ئێران، زیاتر لە ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی و سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری بەکارهێنا.

لە بەرامبەردا ئێران، بە هێرشێكی زۆری موشەكی بالستی، كرۆز و فرۆكەی بێفرۆكەوان، شارە سەرەکییەکانی ئیسرائیلی کردە ئامانج، لەوانە تەلئەبیب، حەیفا و .... ئەو شەڕە بێ وێنەیە، نەك تەنها لە رووی سەربازییەوە، بەڵكو لە رووی ڕەمزیشەوە، خاڵگۆڕانی مێژووییە بۆ هەردوولا. ئێستا لە پێنجەمین ڕۆژی شەڕدا، بژاردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سنووردارن و تەنیا دوو بژاردەی ماوە: یان تەسلیم بێت و بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت، یان ئامادە بێت بۆ درێژەدان بە شەڕێکی وێرانکەر کە دەرئەنجامە پێشبینینەکراو بن.

گورزێک کە پێکهاتەی ئەمنی ئێرانی هەژاند

لە ڕۆژە سەرەتاییەكانی شەڕەكەوە، بەپێی هێندێك دانپێدانانی ئێران و سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان، دەیان فەرماندەی باڵا وكاریگەری سوپای پاسداران، سپای قودس و هەروەها چەندین زانای ناوكیی ئێرانی، لە بۆردومانە ئامانجدارەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. ئەم ئۆپەراسیۆنانە، وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی هەماهەنگ، بۆ بڕینی بەڕێوەبردن و تێکدانی کۆنترۆڵی لۆجستی کۆماری ئیسلامی سەیر دەکرێت.

فرۆكەخانە و بنكە مووشەکییەکانی تاران، تەبرێز، ئیسفەهان، كرماشان، هەمەدان و زۆر پێگەی دیكە، کراونەتە ئامانج. هەروەها ناوەندەکانی دەوڵەمەندکردنی نەتەنز و فۆردۆ، بەهۆی هێرشی وردی فڕۆکەی F35، فرۆكەی بێفرۆكەوان و ئەلیکترۆنیەوە،  تا ڕادەیەكی بەرچاو پەك كەوتوون. ئەو زیانانە، بەپێی شیکاری مانگی دەستکردی دامەزراوە ڕۆژئاواییەكان، توانای بەرگری ئۆپەراسیۆنی ئێرانی لە نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ لەسەد کەم کردووەتەوە.

وەڵامی ئێران: هێرشی مووشەکی بەرپەرچدانەوە و هەڕەشەی پەرەسەندنی ململانێکان

ئێران هەرچەندە لە سەرەتادا تووشی سەرسوڕمان بوو، بەڵام بە هەڵدانی سەدان مووشەك بۆ سەر شارەكانی ئیسرائیل و تێكدانی ژیانی ڕۆژانە لە ئیسرائیل، ئەگەر ئەو تكنیكە بەكار هاتووە پڕ لە كەموكورتی تێكنیكی و سەربازیش بوو بێت، نیشانی دا كە هێشتا توانای ماوە. ئەوەش هەرچەندە، باڵادەستیی تەکنەلۆژی ئیسرائیل لە بەرگری ئاسمانی و شەڕی ئەلیکترۆنیدا، زۆرێک لەم هێرشانەی پووچەڵ کردووەتەوە. وێنەی زیانەکانی ئیسرائیل هەم نیگەرانی جیهانی لێکەوتەوە، هەم فشاری سیاسی لەناوخۆی وڵاتەکەیدا زیاد کردووە.

هەروەها سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەوەی کردوە، کە ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، دامەزراوە نەوتییەکانی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل لە کەنداوی فارس و دەریای سوور دەکرێنە ئامانج و رێڕەوی هورموز دادەخات. هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە، دەتوانێت زلهێزەکان، لەوان ئەمریکا ڕاستەوخۆ ڕابکێشێتە نێو ململانێیەکانەوە.

داڕمانی ستراتیژیكی سوریا و کۆتایی سەردەمی "قەڵغانی ناوچەیی

لە كاتێكدا كە ئەم شەڕە درێژەی هەیە، ڕووخانی ماوەیەك لەو پێشی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریە، کشانەوەی یەکجارەکیی هێزەکانی ئێران لەو وڵاتە، وەک داڕمانی تەواوەتی ستراتیژی "قەڵغانی ناوچەیی" کۆماری ئیسلامی سەیر دەکرێت. تاران چیتر ناتوانێت خاکی سوریا بەکاربهێنێت بۆ ناردنی چەک بۆ حیزبوڵڵا، یان هەڕەشەکردن لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل.

بەبێ سووریە، کاریگەریی ناوچەیی ئێران، بەتەنها لە عێراق و لوبنانەوە سنووردار دەمێنێتەوە- ئەوەش لە هەلومەرجێكدا، كە ئەم وڵاتانە بەرەورووی فشاری توندی نێوخۆیی، سزا نێودەوڵەتییەکان و دەستوەردانی دەرەکی بوونەتەوە.

بژاردەی تەسلیمبوون: قبوڵکردنی واقیع یان شکستی ئایدیۆلۆژی؟

لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕدا، زۆرێک لە چاودێرانی نێودەوڵەتی و تەنانەت کەسایەتییەکانی نێو حکوومەتی ئێران پێیان‌وایە، کە درێژەدان بەم ڕەوتە، ڕێژیم بەرەو لێواری داڕمانی نێوخۆیی پاڵ دەنێت. گوشارە ئابوورییەکان، خەسارە مرۆڤییەكان، داڕمانی ژێرخان و ئەگەری نائارامی کۆمەڵایەتی، ئەو واقیعە تاڵانەن، کە لە ئاسۆی کۆماری ئیسلامیدا سەریان هەڵداوە.

لەم هەلومەرجەدا، تاکە ڕێگای دەربازبوون، گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستان و قبوڵکردنی هەلومەرجی سەختی، وەک ڕاگرتنی تەواوەتی لە بەرنامە مووشەکییەکان و بەرنامە ئەتۆمییەکان- بەڵام ئەم بڕیارە بە مانای نکۆڵیکردنە لە سیاسەتی فەرمی، ئایدۆلۆژیای خۆڕاگری و شەرعیەتی سیاسی، دەیان ساڵەی کۆماری ئیسلامی.

درێژەدان بە شەڕ: قومارێکی مەترسیدار، یان ڕێگایەکی بێ‌گەڕانەوە

لە بەرامبەردا، ڕەوتە توندڕەوەکانی نێو ڕژیم، بەردەوامن لە پێداگری لەسەر درێژەدان بە شەڕ. ئەوان باوەڕیان وایە، پاشەکشە لە هەر حاڵەتێکدا کۆتایی‌هاتنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؛ كە وایە دەبێت تا کۆتایی بەرەنگاری بكرێت، تەنانەت ئەگەر بە نرخی داڕمانی وڵاتیش بێت. بەڵام ئەم ڕێبازە دەتوانێت بەکردەوە بگۆڕێت بۆ شەڕێکی ماندووبكەری ناوچەیی، کە ئێران نەک هەر لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵکوو لەگەڵ ئەمریکا، سعودیە و ڕەنگە تەنانەت، لەگەڵ تورکیە و یەکێتی ئەوروپاش بیخاتە ململانێیەوە. لەم حاڵەتەدا، نەک هەر سیستەم، بەڵکوو داهاتوو و یەکپارچەیی ئێرانیش گومانی دەخرێتە سەر.

دەرەنجام: لە لێواری هەڵدێردا

ئێستا كە پێنج ڕۆژ بەسەر ئەم شەڕە بێوێنەیەدا تێدەپەڕێت، ڕوون بووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکێک لە خاڵە مەترسیدارەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدایە. ڕێگای سێیەم بونی نیە. یان دەبێت دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی خۆی بێت و تەسلیم بێت، یان ئاماد ەبێت بۆ درێژەدان بە شەڕێک کە هەر ڕۆژێكی بە تێچوویەكی قورستر، شەرعیەتێكی كەمتر و داهاتوویەکی تاریکترە.

لە کۆتاییدا ئەم شەڕە نەک هەر براوەی نابێت، بەڵکو دەتوانێت بە درێژایی دەیان ساڵ، ببێتە هۆی ناسەقامگیری، شەڕی بە وەکالەت و داڕمانی سیاسی لە ناوچەکەدا. بەڵام بڕیاری کۆتایی لە تاران دەدرێت، لە نیوەی شەوێکدا، کە چیتر تاقە پەناگەیەکیشی بۆ نەماوەتەوە.