کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دووبارەی خامنەیی لە ئیسرائیل

17:20 - 28 جۆزەردان 2725

لەکاتێکدا کە ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ شەشەمین ڕۆژی بەردەوام ناوەند و بنکە ناوکییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج و توانانی مووشەکیی سپای پاسداران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی هەڕەشەئامێز ئیدعای کردووە کە کۆماری ئیسلامی "وڵامی بەهێز" بە ئیسرائیل دەداتەوە.

خامنەیی لە پەیامێکی ئینگلیزیدا نووسیویەتی: ئێمە دەبێ وڵامێكی بەهێز بە ڕێژیمی سەهیۆنیستی بدەینەوە. هیچ ڕەحمێک بە سەهیۆنیستەکان ناکەین".

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نەتەنیا هیچ نیشانەیەک لەم وڵامە بەهێزە نەبووە بەڵکوو هەڵسەنگاندنە سەربازییەکان نیشانیان داوە کە توانانی مووشەکیی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

سپای پاسداران کە لە سەرەتای قەیرانەکەدا بە وادەی "شەڕی گەورە" هەندێک لە لایەنگرانی خۆی چاوەڕێی تۆڵەکردنەوە کردبوو، تاکوو ئێستا نەیتوانیوە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی مانادار یان بەگێڕەوە دژی ئیسرائیل ئەنجام بدات.

ئامارە سەربازییە نافەرمییەکان باس لە کەمبوونەوەی ژمارەی مووشەکە هاویژراوەکان و لەنێوچوونی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک لە ناوەندە گرینگەکانی ئێراندا دەکەن. ئەم دۆخە لە ڕوانگەی چاوەدێرانەوە نیشانەیەک لە نەمانی توانایی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵامدانەوە بە شەڕێکی ڕاستەقینە لە بەرانبەر ئەرتەشیکی تەیار بە تێکنۆلۆژی و زانیاریی زۆرە.

خامنەیی لە کاتێکدا خەریکی هەڕەشەکردن لە ئیسرائیلە کە هەر ئێستا بەپێی هەواڵە بڵاوەکراوەکان لەگەڵ بنەماڵەکەی لە پەناگەیەک خۆی حەشار داوە.