کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٥٤هاووڵاتیی کورد لە مانگی مەی زایینیدا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

11:04 - 13 جۆزەردان 2725

بە پێی ئەو ئامارانە کە لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" تۆمار کراون، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردووی زاییندا لانیکەم ١٣٢ هاووڵاتی کە ٥٤ هاووڵاتیی کوردن، لە لایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

 

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٩ چالاکی ژن، ٤ منداڵ، ٥٤ هاووڵاتیی کورد، ٢٩ هاووڵاتی بەلووچ و ٦ چالاکی بەهایی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر یان ڕفێندراون.

لەگەڵ گرتن و ڕفاندنی ٥٤ هاووڵاتیی کورد لە مانگی مەی زایینیدا ٤١٪ی کۆی گشتی دەسبەسەرکراوەکانی ئەم مانگە هاووڵاتیی کورد بوون.

بەپێی ئەم ئامارە، ٢٤ هاووڵاتیی لە پارێزگای سنە، ٢٣ هاووڵاتی لە ورمێ، ٤ هاووڵاتی لە کرماشان و لە هەریەک لە پارێزگاکانی تاران، هەمەدان و ئەلبورز ١ هاووڵاتی دەسبەسەر کراون.

هەروەها لەو مانگەدا ٢ چالاکی ئایینی، منداڵێکی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، ٥ چالاکی ژن، ١ چالاکی میدیایی، ٢ نووسەر و خوێندکارێکی کورد لە لایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.