
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی حەوتەمین ڕۆژ لە هێرشەکانی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی دژی یەکتر، ئەرتەشی ئیسرائیل هۆشداریی بە دانیشتووانی ناوچەیەک لە شاری ئەراک دا کە شوێنەکە چۆڵ بکەن.
چەند کاتژمێر دوای ئەم هۆشداریدانە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دامەزراوەی ئاوی قورسی ئەراک و بە هۆی کێشەی ئینتەرنێتەوە، وێنە و ڤیدیۆکانی ئەم هێرشە هێشتا بڵاو نەکراونەتەوە.
دامەزاروەی ئاوی قورسی ئەراک یەکێک لە نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی بوو.
ئەم دامەزراوەیە لە نزیکەی ٧٥ کیلۆمیتریی باکووری ئەراک و لە ٥ کیلۆمیتریی خەنداب و ٢٥٠ کیلۆمیتریی باشووری ڕۆژاوای تاران هەڵ کەوتووە.
ئاوی قورس یارمەتیی فێنککردنەوەی ڕێئاکتۆرە ناوکییەکان دەدات بۆیە لە پرسی ناوکیی کۆماری ئیسلامیدا ئەم شوێنە شوێنێکی گرینگ بوو.