کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ١٠٠ ئامانجمان لە ئێران بۆردومان کردووە

10:51 - 29 جۆزەردان 2725

ئەرتەشی ئیسرائیل وێڕای ئەوەیکە ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی نوێی هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی تاران و شوێنەکانی دیکەی ئێرانی دەست پێ کردووە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر ٤٠ ژێرخانی مووشەکیی ئێران، کۆگاکان و ئامانجە سەربازییەکانی ئێران.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی کە لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە زیاتر لە هەزار و ١٠٠ ئامانجی لە ئێران بۆردومان کردووە.

یێسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تویتێکدا نووسی: ''زریانێک تاران دەگرێتەوە.''

کاتز وتی: ''لە کاتێکدا بەشێکی زۆری دانیشتووانی تاران هەڵدێن، هێماکانی دەسەڵات لەوانە دەنگوڕەنگی ڕێژیم بۆردومان دەکرێن و دەڕووخێن، بەم زووانە شوێنی دیکەش دەکرێنە ئامانج. دیکتاتۆرەکان بەم شێوەیە دەڕووخێن.''

چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە شەوی ڕابردوو دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژ و چەند شوێنێکی بەرهەمهێنانی چەکی ئێرانی کردووەتە ئامانج و سێ دڕۆن کە لە ئێرانەوە هاویشترابوون، خستراونەتە خوارەوە.