
دوابەدوای هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر نەخۆشخانەی سوروکا لە ئیسرائیل، کەشی سیاسی و سەربازیی تێلاڤیڤ گۆڕانی بەسەردا هات و بەرپرسانی پلەبەرزی ئیسرائیل بە توندی ئەم هێرشەیان مەحکووم کرد و ئەمەیان بە تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکان لەلایەن ڕێژیمەوە ناودێر کرد.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی تونددا نووسیویەتی: تۆڵەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر نەخۆشخانە کە "دیکتاتۆرەکانی تاران" دەکەینەوە.
یێسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە ئاماژە بەوەی کە خامنەیی دەبێ نرخی ئەم جینایەتە بدات وتی: دیکتاتۆری ترسنۆکی ئێران لە پەناگەی ژێرزەوینیی خۆیدا دانیشتووە و مووشەک ئاراستەی نەخۆشخانە و بیناکانی نیشتەجێبوونی خەڵک دەکات.
گیدون سەعار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاردانەوە بەم هێرشە، کۆماری ئیسلامیی بە ئەنجامدانی جەنایەتی جەنگی تۆمەتبار کرد و لە پەیامێکدا نووسی: ڕێژیمی ئێران جینایەتی جەنگیی ئەنجام داوە و هیچ هێڵێکی سووری نییە.
لەلایەکی ترەوە وەزیری بێهداشتی ئیسرائیل بە دەرکردنی بەیاننامەیەک هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەی بە هەوڵی تێرۆریستی ناو بردووە و جەختی کردووەتەوە کە هێرش بۆ سەر ناوەندە دەرمانییە غەیرە نیزامییەکان، نیشاندەری چییەتیی ڕێژیمە کە هیچ پرەنسیپێکی ئینسانی یان یاسایی بە فەرمی ناناسێ.
ئەم کاردانەوەیە لەکاتێکدا بڵاو بووەتەوە کە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دەڵێن، مووشەکی هاویشتراو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە خەساری بە نەخۆشخانەکە گەیاندووە و دەیان کەسی بریندار کردووە.