کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تایم: ترامپ لە لێواری دەستێوەردانی نیزامی لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندایە

11:01 - 29 جۆزەردان 2725

لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆناڵد ترامپ، بە جیددی بۆ دەستێوەردانی نیزامی لە شەڕی دژی ئێران بیر لە بژاردەی جۆراوجۆر دەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''تایم''، هەرچەندە هەڵوێستی فەرمیی کۆشکی سپی جەخت لەسەر جموجوڵی "بەرگریکارانە"ی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە، بەڵام سەرچاوە جۆراوجۆرەکان، لەوانە ڕۆژنامەی'' نیویۆرک تایمز، واڵ ستریت ژورناڵ، سی بی ئێس و ئێن بی سی''، باسیان لەوە کردووە کە ترامپ بیر لە ئەگەری کردەوەی پێشوەختە دەکاتەوە.

بژاردەکان بریتین لە یارمەتیدان بۆ گەیاندنی سووتەمەنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە ئاسماندا، یان هێرشی ڕاستەوخۆ بە بۆمبی سەنگەرشکێن بۆ سەر دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی فۆردۆ، کە تەنیا ئەمریکا دەستی پێ دەگات. بەپێی زانیارییەکان، ترامپ لەگەڵ بژاردەی دووهەمدایە.

لە ئەمریکا نیگەرانییەکان لەمەڕ گرتنەبەری ڕێوشوێنی نیزامی لەلایەن ترامپەوە بەبێ مۆڵەتی کۆنگرە پەرەی سەندووە.

''جی.دی. وەنس''، جێگری سەرۆککۆمار لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە بڕیاری کۆتایی لەلایەن ترامپەوە دەدرێت و ئەگەری هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ناوکیی ئێران هەنگاو بنێت.

هاوکات ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژوورناڵ بڵاوی کردووەتەوە، ترامپ ڕەزامەندیی لەسەر پلانەکانی هێرشکردنە سەر ئێرانی بە یاریدەدەرە باڵاکانی گەیاندووە، بەڵام بڕیاردان لەسەر ئەو بابەتەی وەدرەنگی خستووە هەتا ڕێژیمی ئێران خۆی وازهێنان لە بەرنامە ناوکییەکەی بێنێت.