کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر نەخۆشخانەی ئیسرائیل لانیکەم ٣٢ کەس بریندار بوون

12:49 - 29 جۆزەردان 2725

لە ئەنجامی کردنەئامانجی نەخۆشخانەیەک لە باشووری ئیسرائیل لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، هێزەکانی فریاگوزاریی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر بێئرشێبع، لانیکەم ٣٢ کەس بریندار بوون.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، لە ئاکامی لێدانی ڕاستەوخۆی مووشەکێکی ئێرانی زیانێکی زۆر بە نەخۆشخانەی سوروکا کەوتووە.

لەو نەخۆشخانەیە سەربازانی ئیسرائیلی کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەرتی غەززە بریندار ببوون، خەوێندرابوون و لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بوون.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان، دوای ئەوەی چەندین مووشەک لە ئێرانەوە ئاراستەی ئەو وڵاتە کرا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ئیسرائیل لێ درا. هەواڵدەرییەکان بیستنی دەنگی تەقینەوەیان لە تێلاڤیڤ و ئورشەلیم بڵاو کردەوە.

تا ئێستا باس لەوە کراوە هێرشە مووشەکییەکان زیانێکی ماددیی بەرچاویان لێ کەوتووەتەوە، بەڵام کوژراویان نەبووە.