کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: فەرمانی چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دراوە

12:54 - 29 جۆزەردان 2725

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە کاردانەوە بە هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە "دیکتاتۆرە ترسنۆکەکەی ئێران خۆی لە قووڵایی پەناگەکاندا شاردووەتەوە و فەرمانی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل و بینای نیشتەجێبوونی خەڵکی داوە. ئەمانە تاوانی قورسی شەڕن، خامنەیی لەسەر تاوانەکانی وڵامی خۆی وەردەگرێتەوە.

یێسرائیل کاتز وتی، سەرۆکوەزیران و خۆی فەرمانیان بە ئەرتەش داوە کە هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە ستراتێژیکەکانی ڕێژیمی ئێران و سەروەت و سامانی دیکەی کۆماری ئیسلامی چڕتر بکەنەوە، هەتا مەترسییەکان لەسەر ئیسرائیل نەمێنن و دەسەڵاتی ئایەتوڵڵاکان لەرزۆک بێ.

هەروەها ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆککۆماری ئیسرائیل وتی: بەهاکانمان لەلایەن ڕژێمێکی جیهادییەوە کراونەتە ئامانج''.

ناوبراو وتوویەتی، ئەمە نەخۆشخانەیەکە نەک تەنیا خزمەتی جولەکە و موسڵمانانی ئیسرائیلی بەڵکوو فەلەستینیەکانیش دەکات و زۆربەی پزیشک و کارمەندە پزیشکییەکانی عەرەبن.

لەم پێوەندییەدا نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: دیکتاتۆرەکانی تاران باجی تەواوی ئەم کارە دەدەنەوە.''