
سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕاپۆرتێکی لەسەر دوایین هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران بڵاو کردەوە.
وتەبێژی ئەرەتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ٤٠ فڕۆکەی شەڕکەر لە ماوەی شەوی ڕابردوودا بە زیاتر لە ١٠٠ بۆمب هێرشیان کردووەتە سەر دەیان ئامانجی نیزامیی ڕێژیمی ئێران.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەی ئاوی قورسی خەنداب کە سەر بە ڕێئاکتۆری ئەتۆمی ناچالاکی ئەراکە.
ئەرتەشی ئیسرائیل ئیدعای کردووە کە هێرشەکان بۆ سەر ئەراکدا لە دووبارە بەکارهێنانەوەی پلۆتۆنیۆم بۆ چەکی ئەتۆمی ڕێگری کراوە. ئەم ئیدعایە تا ئێستا لەلایەن ناوەندە ناوکییە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە و ئێرانیش کاردانەوەی نەبووە.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل زیادی کرد کە هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی هێرشی نوێیان بۆ سەر سایتی نەتەنز ئەنجام داوە، کە بە بەشێک لە زنجیرەی ''پەرەپێدانی چەکی ناوکی" وەسفی کردووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی پەردەپۆش کردووە و محەممەد ئیسلامی، بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە کۆتایی کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەتدا ئیدیعای کرد کە "هەموو شتێک باشە".