کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی قەرارگای خاتەمولئەنبیا بە ئەمریکا

17:11 - 29 جۆزەردان 2725

فەرماندەیی قەرارگای خاتەموئەلئەنبیا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان، لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی بە ئەمریکا دا کە هاتنی ڕاستەوخۆی ئەم وڵاتە بۆ نێو شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا.

ئەم قەرارگا کە لە یەکەم ڕۆژی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٣ی جۆزەردان، فەرماندەی خۆی بە ناوی "غوڵامعەلی ڕەشید" لەدەست دا، هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر ئەمریکا بێتە نێو  شەڕەکەوە، ئەوە شەڕ لەوەی کە هەیە زیاتر پەرە دەستینێت و هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە و هەروەها ئەمریکا زەبرێکی قورسی بەر دەکەوێت.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئەو کاتەی ئیسرائیل بەتەواوی لە هێرشەکەی پەشیمان نەکاتەوە، ئێران لە وڵامی توند و وردی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل، درێژە بە شەڕەکە ئەدات.

لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بە جیددی بۆ دەستێوەردانی نیزامی لە شەڕی دژی ئێران بیر لە بژاردەی جۆراوجۆر دەکاتەوە.