کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ڕێگە بە تاران نادەم چیدیکە ئورانیۆمی پیتێندراو بەرهەم بهێنێت

14:34 - 13 جۆزەردان 2725

سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردان، بۆ جاریکی دیکە جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە لە ئەگەری هەر چەشنە ڕێککەوتنێک، چیدیکە ڕێگەی پیتاندنی ئورانیۆم بە ئێران نادات.

دۆناڵد ترامپ بۆ جارێکی دیکە لە ماوەی ڕابردوودا و لە هەژماری ترووس سۆشیاڵی خۆیدا نوووسی: "پێنووسی واژۆ، دەبووایە زۆر پێش ئێستا، پیتاندنی ئورانیۆم لە ئێرانی ڕابگرتایە".

ترامپ لەم پۆستەدا زیادیشی کردووە کە ئەگەر ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە، ڕێگە بە تاران نادەن کە هیچ چەشنە پیتاندنێکی ئورانیۆم ئەنجام بدەن.

ئەم قسانەی سەرۆککۆماری ئەمریکا تەنیا چەند کاتژمێر پاش ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئاکسیۆس بوو کە باسی لە ڕازیبوونی ئەمریکا بە پیتاندنی ئورانیۆم لە ئاستێکی نزمدا لە نێوخۆی ئێرانی کردبوو.

لە ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆسدا هاتبوو کە دەوڵەتی ئەمریکا لە پێشنیارەکەی بۆ کۆماری ئیسلامیدا، ڕێگەی بە تاران داوە کە لە ماوەیەکی دیاریکراوی کورتدا و لە ئاستێکی نزمدا، ئورانیۆم بپیتێنێت.

ئەم ڕاپۆرتە لەکاتێکدا بووە کە لە ماوەی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی وتووێژە ناوکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەرپرسانی باڵای واشینگتۆن بەردەوام لە سەر ئەوە جەختیان کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە پیتاندنی ئورانیۆم لە نێوخاکی ئێراندا نادەن.

پاش بەڕێوەچوونی پێنجەمین خولی دانیشتنەکانی دوو لایەن، ئەمریکا پێشنیارێکی بە نووسراوە لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی عومانەوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کردووە.

هەر جەند کە وردەکارییەکانی نێوان ئەم پێشنیارە نەخراوەتە ڕوو، بەڵام سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە واشینگتۆن لەم پێشنیارەدا داوای لە تاران کردووە کە چیتر پیتاندنی ئورانیۆم ئەنجام نەدات.

 

وتەبێژی کۆشکی سپی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بە مەبەستی ڕێزگرتن لەو ڕێککەوتنەی کە خەریکە ئەنجام دەبێت، دەوڵەتی ئەمریکا هیچ وردەکارییەک سەبارەت بەم پێشنیارە ڕادەستی میدیاکان ناکات.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر کۆشکی سپی بیهەوێت پیتاندنی ئورانیۆم لە ئێراندا بەگشتی وەلا بنرێت، وتووێژەکان بە ئاکام ناگات.

هاوکات چەند سەرچاوەی ڕۆژاوایی باسیان لەوە کردووە کە تاران خەریکە خۆی ئامادە دەکات تاکوو پێشنیارەکی واشینگتۆن ڕەت بکاتەوە.