
سەرچاوە نزیکەکانی حیزبوڵڵا بە کاناڵەکانی ''ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەس''یان ڕاگەیاندووە، ئەو گرووپە بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکانی لوبنان، ناچێتە نێو ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل، چونکە بەشداریکردن لە شەڕێکی لەو شێوەیە پێویستی بە توانا هەیە کە وەکوو پێشوو نەماون.
ئەم سەرچاوانە جەختیان لەوە کردەوە کە خامنەیی داوا لە حیزبوڵڵا ناکات دەستێوەردان لە ململانێی ئێران و ئیسرائیلدا بکات، چونکە دەزانێت ئەم دەستێوەردانە کاریگەر نابێت و کۆماری ئیسلامی خۆی توانای خۆڕاگریی هەیە.
ئەوە لەحاڵێکدایە کە ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان ڕایگەیاند، یاسین عەبدولمونعیم عیزەدین، فەرماندەی حیزبوڵڵای لوبنانی، لە یەکەیەکی تۆپخانە لە ناوچەی لیتانی لە باشووری لوبنان، کوشتووە.
لە ڕاپۆرتی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتبوو، ئەو فەرماندەیەی حیزبوڵڵا لە هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی هێزی نیزامیی ئەو گرووپەی بووە.