کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکان لە ئێران؛ تۆماج ساڵحی دەسبەسەر کرا

12:20 - 30 جۆزەردان 2725

بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆەزەردان، تۆماج ساڵحی، هونەرمەندی ڕەپێری ناڕەزای لە دوورگەی کیش دەسبەسەر کرا.

تۆماج ساڵحی پێشتر لەکاتی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی''دا دەسبەسەر کرابوو و دواتر بە تۆمەتی وەک پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم و "افساد فی‌الارض" سزا درابوو، بەڵام هێندێک لە حوکمەکانی لەوانە حوکمی لەسێدارەدان دوای پێداچوونەوە هەڵوەشایەوە.

لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە دوابەدوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و درێژەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی بەربڵاوی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیان لە شارە جۆراوجۆرەکان دەست پێ کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەم دەسبەسەرکردنانە کە لە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤ گەیشتوونەتە لووتکە، بەشێوەیەکی سەرەکی هاووڵاتییانی ئاسایی و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کردووەتە ئامانج و تۆمەتی وەک "سیخوڕیکردن بۆ مووساد"، "پشتیوانی میدیایی بۆ ئیسرائیل" و "تێکدانی ڕای گشتی"یان دراوەتە پاڵ.