
ماڵپەری "هێرانا" کە ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو دەکاتەوە ڕایگەیاندووە کە ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٦٥٧ کەسە و ژمارەی بریندارەکانیش لانیکەم ٢هەزار و ٣٧ کەسە.
ئەو ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی نیزامی و مەدەنی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران زیادی کردووە و لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 21 پارێزگای ئێران کراونەتە ئامانج کە ژیانی ڕۆژانەی میلیۆنان ئێرانی بە شێوەیەکی جیددی پەک خستووە.
هێرانا دەڵێت داتا ئامارییەکانی بەپێی تۆڕە خۆبەخش و گرووپە ناحکومییەکان کۆ کردووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ کەس لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکان و زانکۆکانی وڵاتدا وەرگیراون و لەو ژمارەیەش نزیکەی ٥٠٠ کەس لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا ئامادە نەبوون ژماردنی تەواوی قوربانییانی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاو بکەنەوە.
چوار ڕۆژ لەمەوبەر، حوسێن کرمانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ئامارەکانی نەخۆشخانەکانی زانکۆکان نیشان دەدەن کە تا ئێستا لانیکەم ٢٢٤ کەس کوژراون، هەروەها هیچ ئامارێک لە نەخۆشخانەکانی ئەرتەش و سپای پاسداران لەبەر دەستدا نییە.