
شەڕی ئێران و ئیسرائیل؛ بومەلەرزەیەکی ژێئۆپۆلۆتیک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا
ئەفشین مەعروفیان
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لێواری تەقینەوەدایە
لە لێواری یەکێک لە هەستیارترین ساتەکانی مێژوویی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی ئیسرائیل بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تەواو دەڕۆن. ڕووبەڕووبوونەوەیەک کە نەک هەر چارەنووسی ئەم دوو وڵاتە، بەڵکوو ڕەوتی داهاتووی تەواوی ناوچەکەش دەگۆڕێت. ئەمجاره شەڕ له سێبەرەکاندا ڕوو نادات، بەڵکوو بە بەرچاوی میدیاکان و له گۆڕەپانی ڕاستەقینەی دەسەڵات و هێزدا ڕوو دەدات. هەرچەندە گرژییە ئەمنییەکان و شەڕی سایبێری لە نێوان تاران و تەلئەبیب ساڵانێکە بەردەوامە و ئێران چەند سوپای لە وڵاتان بۆ شەڕی بەوەکالەت پێکهێنابوو، بەڵام ئێستا ئیدی هەموو شتێک بەرەو خاڵی تەقینەوەی ڕاستەقینە ڕۆیشتوە و شەڕی یەکلاکەرەوەی چارەنووس وەرێ کەوتوە.
قومارە کوشندەکەی کۆماری ئیسلامی لەسەر وزەی ئەتۆمی
کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەوڵی داوە پڕۆژەی ئەتۆمی و پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەی وەک بەرهەمهێنانی کارەبا و بە هێمای سەروەریی سیاسیی خۆی ببەستێتەوە. بەڵام ئەم پڕۆژەیە، بە تێپەڕبوونی کات، ڕووی ڕاستەقینەی خۆی نیشان دا: ئامرازێک بۆ مانەوەی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر، قەیرانخوڵقێن و ئایدیۆلۆژیک.
ڕێژیم کە لە لایەک ڕووبەڕووی داڕمانی شەرعییەتی جەماوەری و تەشەنەکردنی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆدایە و لە لایەکی دیکەشەوە بەدوای پاراستنی هەژموونیی شیعە لە ناوچەکەدا دەگەڕێت، بەرنامەی ئەتۆمی بە بەرگی براوەی خۆی دادەنا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهان و سەرکوتکردن ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆدا. بەم شێوەیە ملیاردها دۆلار سەرمایەی نیشتمانی بۆ پیتاندن و بەرنامەی مووشەکی خەرج کرا و بەوەش هەڕەشەی ئەمنییەتیی بۆ سەر ئاسایشی هەموو ناوچەکە و جیهان دروست کرد. لە ڕاستیدا بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بۆمبی ئەتۆمی تەنیا چەک نیە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ مانەوە لە بەرامبەر داڕمانی سیاسی و گوشاری نێودەوڵەتی؛ بەڵام لەم قومارەدا ئێران خۆی گەیاندووەتە لێواری کۆتایی.
هیلالی شەڕەنگێز یان تەوەری بەرگری!
ئەم گرووپانە لەژێر دروشمی "تەوەری خۆڕاگری" ئامانجی سەرەکییان دژایەتیی ئیسرائیل و ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان لە ناوچەدا و بۆ ئەوەش بڕیار و چەکوچۆڵ لە ئێران وەردەگرن. ئەم لایەنانە بە شێوەیەکی کاریگەر وەک هێزی لێدانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەجووڵانەوە. لە کاتێکدا گەلی ئێران لە هەژاری و برسیەتیدا ڕاگیراوە، بەڵام بە میلیاردها دۆلار بۆ تەیارکردنی ئەم گرووپانە لەپێناو پاراستنی قووڵایی ستراتیژیی ڕێژیم لە ناوچە خەرج کرا. بەڵام ئەمڕۆ هەمان ئیمپراتۆرییەتی بە وەکالەت یەک لە دوای یەک بەسەر یەکدا دەڕووخێن و شەڕ هاتوەتە نێوخۆی ئێران و؛ فەرماندە سەرەکییەکانی پلانی هیلالی شێعە و سەرکوتە نێوخۆییەکان دەکرێنە ئامانج.
ئیسرائیل؛ شەڕێکی پێشوەختە بۆ مانەوە
ئیسرائیل بە سەرنجدان بە کارنامەی گوتاری و کرداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نیو سەدەی ڕابردوودا ئەم ڕێژیمە بە مەترسیدارترین دوژمنی خۆی دەزانێت. سیاسەتی "شەڕی نێوان شەڕەکان" کە سوپای ئیسرائیل پەیڕەوی دەکات، بە واتای هێرشی سنووردار بەڵام بەردەوام بۆ سەر هێزەکانی ئێران و بەوەکالەت لە ناوچەکەدا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە شەڕێکی تەواو ئیدی وڵامدەر نەبوو. ئەمڕۆ ئیدی ئەم ستراتیژییە گەیشتووەتە خاڵی وەرچەرخان. ئیسڕائیل نایشارێتەوە کە هێرش بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر خاکی ئێران و کوشتنی فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس لاپەڕەیەکی نوێ لە شەڕەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ رێگریکردن لە فەوتان و تێداچوونی خۆیان کە بە پشتیوانیی ئەمریکا دەیکەن.
ئیسڕائیل دەڵێ بۆ بردنەوەی ئەم شەڕە پێویستییان بە هاوکاریی ئەمریکا وەک گەورەترین پشتیوان و دابینکەری سەربازی هەیە. لە پشتیوانی دارایی و چەکەوە تا پێشکەشکردنی هەواڵگری و هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنی زۆر نهێنی، ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکیی بووە و چاوەڕوانیی ئیسڕائیل لە ئەمریکا لەوەندەش زیاترە.
ئاسۆی لێل و ناڕوونی خامنەیی و ژێنەڕاڵەکانی
خامنەیی لە ماوەی نیزیک بە چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا بە متمانەبەخشین بە بازنەیەک لە ژەنەراڵە ئەمنییەتییەکان وڵاتی کردە ئۆردوگایەکی سەربازی. بەڵام ئەگەر هەتا دۆینێ لە پێناو بەدیهێنانی ئایدۆلۆژییەکانی هیلالی شیعەدا ئەو ژەنەراڵانەی لە سووریە، غەززە و لوبناندا لەدەست دەدا، ئێستا بە بەرچاوی خۆی و لە تاران تێداچوونیان دەبینێ. بەڵێ ئەو ژەنەڕاڵانەی پڕۆژەی "قوڵایی ستراتیژی" خامنەیییان بەرەوپێش دەبرد، ئێستا ئامانجی سەرەکیی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلن.
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لێواری گۆڕانکارییەکی قووڵی ژێئۆپۆلەتیکیدایە. هاوپەیمانییە کۆنەکان و دابەشبوونە تائیفییەکان و ئەو نەزمە نەریتییەی کە لە ئەنجامی شەڕی ساردەوە هاتبووە ئاراوە، ئیتر کاریگەر نین. عەرەبستان، ئیمارات و تەنانەت میسریش چیتر ڕۆڵی نەریتیی دوژمنی ئیسرائیل ناگێڕن. ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تەلئەبیب و هاوپەیمانییە ئەمنییەکانی دژە ئێران – هەموویان نیشانەلانی نەزمێکی نوێن.
لە دڵی ئەو هاوکێشانەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە تێدابردنی هەموو سەروەت و سامان و کوشت و کوشتاری خەڵکەکەی خەونی بە هەژموونیی شیعەلە ناوچەکەدا دەبینی. ئێستا لە لێواری داڕماندایە و، ناچارە لە نێوان دوو ڕێگادا هەڵبژێرێت: تەسلیمبوون یان تێداچوون.
ئیسرائیلیش کە ساڵانێک بوو لەژێر سایەی هەڕەشەی ئەتۆمی و بە وەکالەتدا دەژیا، دەرفەتی بۆ کۆتاییهێنان بەم کابووسە دەست کەوتوە. بەو پێیە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل ململانێیەکی سنووردار نابێت، بەڵکو بوومەلەرزەیەکی ژێئۆپۆلەتیکی دەبێت کە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ دەکێشێتەوە.