
زەرەر لە نیوەش ڕا بگەڕێتەوە هەر قازانجە
ئەلبورز ڕوویینتەن
نزیکەی نیو سەدەیە دیکتاتۆرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە قوربانیکردنی خەڵک بۆ پتەوکردنی بناغەی دەسەڵاتی خۆیان پەرە بە سیاسەتی شەڕەنگیزیی خۆیان دەدەن و لە کردەوە دژە مرۆڤایەتییەکانیان درێغیان نەکردوە بۆ ئەوەی یەکەمی بێ ڕەکەبەر لە ماڵوێرانی شەڕ و کوشتن و تیرۆر بن لە مێژوودا.
لە هەموو ئەو ساڵانەدا بەبارمتەگرتنی ئاسایش و قوربانیکردنی خەڵکیان کردبوە قەڵغانێک بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و تەمەنیان درێژ بکەن، بەوەش نەوەستان و بە بایی برسیکردنی خەڵکی وڵات لەشکر و هێزی جۆراوجۆریان لە دەروەی سنوورەکانیان بۆ شەڕی نیابەتی دروست کرد کە کاولبوونی وڵاتانی ناوچەی لێ کەوتەوە و جیهانیان پڕ کرد لە تێرۆریست، بە جورێک لەژێر هەر ڕووداوێکی تیرۆریستی تەنانەت ئەگەر پەیوەندیی ڕاستەوخۆشی بە کۆماری ئیسلامییەوە نەبا، بە جورێک هەر دەگەیشتەوە سەری مارەکە.
بۆ ماوەی نزیکەی پێنج دەیە بەیانی، نێوەڕۆ، و ئێوارە مەرگ دژی ئەم وڵات و ئەو وڵات دەڵێن، ئاڵای وڵاتان دەسوتێنن و بە سەریدا دەڕۆن و سەر و بنی قسەیان ئەوە بوو هەر ئانوساتێک بیانەوێ تەلئەبیب و هەر شوێنێکی پێیان خۆش بێ تەختی زەویی دەکەن و کۆشکی سپی دەکەنە مزگەوت و هە تا قودس ڕاناوەستن.
لە هەمووی ئەو ساڵانە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سیناریۆی دانوستان و لەپێناو بەرژەوەندیی ئابووریی کورتخایەنی خۆیاندا دەستی ئەو ڕێژیمەی بۆ ئەو کارانە ئاوەڵا کردبوو، بە جورێک کە تەنانەت جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا دانی بەوە دانا هەموو ئەو پارە و میلیارد دۆلارانەی لە چوارچێوەی بەرجامدا بۆ ئێران گەڕاندبوویانەوە، بۆ پشتیوانی لە تێرۆر و پۆشتەکردنی سپای پاسداران بە مووشەک و پیشەسازیی ناوکی خەرج کران.
تەنانەت لە ماوەی ڕابردووی نزیکیشدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی هەستانەوەی بێوێنەی خەڵک ببۆوە و ئیدی هیچ شەرعییەتێکی خەڵکیی نەمابوو، تەنیا ڕێگەی بەردەوامیی تەمەنی خۆی لە چەکی ئەتۆمیدا دەدیت. هاوکات لە لایەک ئاژانسی وزەی ئەتۆمی باسی لە بابەتی پڕۆژە ئەتومییە شاراوەکانی ڕێژیم دەکرد، لە لایەکی دیکە ڕێژیم مووشەک و پەهپادی خۆتەقێن و خاڵپێکی دەدا بە رووسیە هەتا دژی ئۆکراینییەکان بەکار بێنێ؛ کەچی بەو حاڵەش هەتا ئەو ماوەیە ڕۆژئاوا ئەو هەڕەشە گەورەیەی بە جددی نەگرت و هەر بە دوای دانوستاندن و ساتوسەودا لەگەڵ ئێران بوو.
هەموو ئەو ساڵانە ئەو سیاسەتە هەڵەیەی ڕۆژئاوا ببووە هۆکارێک کە دەستی ئێران بکرێتەوە، تەنانەت هەتا ئەم ساتەش سیاسەتوانانی ئورووپایی هەن کە باوەڕیان وایە بە دانوستان و مامەڵە دەتوانن ڕەفتاری ڕێژیم بگرن، یان دەرەتانی ئەوە هەیە ڕێفۆڕمخوازەکان بێنەوە سەر کورسیی دەسەڵات و گۆڕانکارییەکان ڕوو بدەن، تەنانەت کەم نین ئەو ڕێبەرە ئورووپاییانە کە دەڵێن پزشکیان لە ئەوانی دیکە باشتر یا کەمتر خراپە و، بە کەمتر خراپییەی دەتوانین ڕێژیمی تێرۆریست بگۆڕین بۆ ڕێژیمی ڕێفۆرمخواز. ئەو ڕوانگەیە بۆ کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەت خەڵکی ئێران پشتشکێن بوو و هەر ساڵە و ستەم بەرەوە زیادی دەکێشا. لە ڕووکاردا کۆماری ئیسلامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە بەرجام و دانوستان سەرقاڵ کردبوو، بەڵام لە ژێرەوە گرووپی تێرۆستییان ڕادەهێنا کە چۆن لە پێتەختی ئەو وڵاتانەدا دژبەرانی ڕێژیم تێرۆر بکەن، یان بە بەزاندنی سنووری غەززە کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبەر بخوڵقێنن و لەو سۆنگەیەوە هەموو ناوچەکە لە ئاگر و دووکەڵی شەڕ وەربدەن.
لەو ماوەیەدا هەر چەند ئیسرائیل زوو زوو گورزێکی لە ڕێژیم دەوەشاند کە کاریگەریی خۆیشی هەبوو، بەڵام بەردەوام ئەوەشی دەگوت کە دەبێ توند بن لە بەرانبەر ئێراندا و بێتوو ئەم ڕێژیمە دەستی بە چەکی کۆکوژ ڕابگا هەموو جیهان بە بارمتە دەگرێ، بەڵام ئەو قسانە نەبیسترا. هەتا لە کۆتاییدا بڕیاری دا سیاسەتی کاتکڕین و بەرگی تێکدانی ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچە لە دەستی ئێران دەربهێنێ و کۆتایی بە دۆخێک بێنێ کە دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوە بێت ڕێژیم بەزەیی بە ناوچەدا بێتەوە و تیرۆر نەکا، بەڵکوو بڵێسەی شەڕی گەیاندە پێتەخت و سەری مارەکەی لە تاران بە ئامانج گرت.
بێگومان ئەگەر ئەو شەڕە لە سەرەتادا لە بەرانبەر ئێران کرابا ئێستا وڵاتانی ناوچە ئاوا کاول نەدەبوون و ئەو هەموو خەڵکە نەدەکوژرا، ئەو هەموو سەرکوتە نەدەکرا، فڕۆکەی ئوکراینی نەدەکەوت، لانی کەم کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبەر ڕووی نەدەدا. بۆیە بەگژداهاتنەوەی کۆماری ئیسلامی دەبوا زووتر کرابا و بڕیاری بەکۆی لەسەر درابا. ئێستاش کورد گوتەنی "زەرەر لە کوێ بگەڕێتەوە هەر قازانجە"، بە ئامانجگرتنی سەری مارەکە دەتوانێ لاپەڕەیەکی نوێ بە ڕووی مێژووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بکاتەوە.