کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەژێر دەواری هۆنراوە بەجێماوەکانی شاعیرانی پێشمەرگەدا

16:01 - 30 جۆزەردان 2725

لەژێر دەواری هۆنراوە بەجێماوەکانی شاعیرانی پێشمەرگەدا

ئەحمەد ڕەحمانی

کاتێک زوڵم و زۆریی داگیرکەرانی نیشتمان دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، هەستی چەوسانەوەی گەل لە قالب و شێوەی شۆڕشگێڕبووندا دەگاتە چڵەپۆپە و چەک و قەڵەم دەبنەوە هاوتەریب و مەکۆی خەبات و پڕ دەبن لە تێکۆشەر و خەباتکار و وەرزی هەستانەوە دژی داگیرکەران دەست پێ دەکات و خونچەگوڵی شۆڕش دەپشکوێ.

شۆڕش و بەرخودانی نەتەوە و گەلان پەرچەکرداری ئەو زوڵم و زۆرییانەیە کە دەکرێتە سەریان و بە ناچاری ڕێگای بەرگریکردن ھەڵدەبژێرن و بۆ پارێزگاری لە شەڕەف و کەرامەتی خۆیان و نەتەوەکەیان چەک دەگرنە دەست. ئەم شۆڕشانە پەیوەندییان بە شوێن و ھەڵکەوتەی جوغرافی و ژئۆپۆلیتیکی ئەو ناوچە و نەتەوە و گەلانە ھەیە و و زۆر جارانیش نەژادپەرستی و ھەتا ئایینیش ڕۆڵێکی گرینگ لەم بوارەدا دەگێڕێ، ھێندێک لە شۆڕشەکان ماوەیەکی زۆر ناخایەنێ و دەگەن بە ئامانجەکانیان، ھێندیکیان ھەر زوو کپ دەکرێن، ھێندێکیشیان دوای کپ‌کردنیشیان زیلکی بیری ئازادیخوازییان دانامرکێ و ماوە دوای ماوە سەر ھەڵدەدەنەوە. ھێندێکیشیان وەکوو ئەو بزووتنەوە ڕەوایانەی کە ئێستا لە چەند بەشی کوردستاندا ھەن  چەندین دەیە و ساڵە درێژەی ھەیە و خوێنی شەھیدان و قوربانییەکان لاپەڕەی دیرۆکی ئەم خەباتەی ڕەنگین کردووە.

ھەڵکەوتەی بواری ژێئۆپۆلیتیکیی کوردستان و دەوڵەمەندی ژێرخانی ئابووری چاوی تەماحی داگیرکەران ھەمیشە بەسەر کوردستانەوە بووە و بەپێی ئەو پەیمانامانەی کە لە نێوان ئەو چوار وڵاتەدا ھەبووە بە درێژایی مێژوو ھەوڵیان داوە سنوور و کەوشەنەکانی کوردستان لێک داببڕن و کەرتی بکەن، بەڵام خۆشبەختانە سەرەڕای ئەو زوڵم و زۆر خوێن‌ڕشتنەی کە بەسەر کوردانی ھەر پارچەیەکدا سەپاوە ھەستی نەتەوایەتی و کورد بوون ھەمیشە لەوپەڕی خۆی دابووە و شۆڕشەکان ھەمیشە لە کڵپە و بڵێسەسەندندا بوون، لە چوارچێوەی ناوچەیی ھاتوونەتە دەرێ و زۆر جاران ھەستی نەتەوایەتی ھەموویانی لە دەوری یەکتر کۆ کردۆتەوە. نموونەی ھەرە بەرچاو دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری مەھابادە کە چوار پارچەی کوردستان کۆماریان بە موڵکی خۆیان زانیوە و تێیدا بەشدار بوون و ڕۆڵیان تێیدا گێڕاوە. ھەر چەندە تەمەنی کۆمار کورت بووە و بە دەسکیسی نێوخۆیی و دەرەکی هەوڵی لە نێوبردنی ئەم کۆمارە ساوایە دراوە، ڕاستە توانرا کۆماری کوردستان تێدا ببەن و پێشەوا قازی محەممەدی سەرۆککۆمار و ھاوڕێکانی لە سێدارە بدەن، بەڵام بیرو ئامانجەکانی کۆمار لە بڵێسە نەکەوتن و حیزبی دێموکراتی کوردستان نزیکەی ٨٠ ساڵە پارێزەری ئامانجەکانی کۆمارە و بە خوێم و خەبات و قوربانیدان ئەم مێژووە ٨٠ ساڵەیەی تۆمار کردوە و ھەنووکەش مەتەرێزی خەبات هەر ئاوەدانە.

شتێکی زۆر سروشتی و ئاساییە لەنێو ھەر شۆڕش و جووڵانەوەیەکدا ھەموو چین و توێژێک دەبینرێن و ھەر کەسە و بەپێی توانای خۆی ڕۆڵ و کاریگەری خۆی تێیدا بینیوە و شوێن پەنجەی دیار بووە. کەواتە زۆر ئاساییە کە توێژی ڕووناکبیران و ئەوانەی بناغەی زمان  دەپارێزن تەڤڵی شۆرش ببن و ببن بە بەشێکی گرینگ لەم شۆڕشانە. ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش پشکی شێری لەم بوارەدا پێ بڕاوە ھەر لە سەردەمی کۆمارەوە تاکوو ئێستا، شاعیران ھەمیشە دەور و ڕۆڵێکی پێشەنگیان لە شۆڕشدا گێڕاوە و دەکرێ بگوترێ مێژووی ئەم گەلەیان بە ھۆنینەوەی ھەڵبەست و ھۆنراوە ھۆنیوەتە و تۆماری گەلێک شاکاریان کردوە، زۆربەیان تا دوا ساتەکانی ژیانیان ھەڵگری بیری ئازادیخوازی بوون و بە گیان و جەستە بۆی جەنگاون و قوربانییان بۆی داوە، وەک مامۆستا ھێمن، مامۆستا ھەژار، سوارەی ئێلخانیزادە، عەلی حەسەنیانی، قادر لوتفیانی (ئازاد سەکری)، ئەحمەد قادری و ھتد.

لەژێر تاوڵی هەواری هۆنراوە بەجێماوەکانی مامۆستا "ئازا سەکری"دا دەکرێ "کوردستانی خوێناوی" وەک فاکتێک بهێنینەوە، کوردستانی خوێناوی نموونەیەکە لەو نموونە جوانانەی کە مرۆڤ بیهەوێ شەن و کەوی ھەموو ئەو بوارانە بکات کە مامۆستا ئازا وەکوو مامۆستا، پێشمەرگە و شۆڕشگێڕێک لە ڕێی وشەکانیەوە توانیویەتی خزمەتێکی بەرچاو بە ئەدەبی بەرگری سەردەمی شاخ بکات ھەتاکو ئەو کاتەی لە ژیاندا بوو وەک پێشمەرگەو شاعیرێک.

وەک مامۆستا ھێمنی شاعیر دەنووسێ:

"ئاشقی چاوی کەژان و گەردنی پڕ خاڵ نیم

ئاشقــی کێو و تەلان و بەنـدەن و بـەردم ئــەمـن"

بەم شێوەیە مامۆستا ئازا سەکری بیری شۆڕشگێڕی ھەڵیدەگرێ و بەکردار تێکەڵی ئەم شۆڕش و جووڵانەوەیە دەبێ. لەدایکبوون و گەورەبوونی مامۆستا ئازا لە مەڵبەندێکدا کە کۆماری کوردستانی تێدا دامەزراوە، بێگومان ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە لەسەر چۆنیەتیی پەروەردەبوون و گەشەسەندنی بیری شۆڕشگێڕیی مامۆستا ئازا و بوونی بە پێشمەرگە و مامۆستا و شاعیرێکی شۆڕشگێڕ .

مامۆستا ئازا سەکری وەک نیشتیمان‌پەروەرێکی شۆڕشگێڕ بە کردار دێتە مەیدان، چ وەک مامۆستایەک لە قوتابخانەی شۆڕشدا، چ وەک پێشمەرگە و شاعیرێک لە مەتەرێزی خەباتدا. کۆڵەپشتی دەکاتە کۆڵ و چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و ھەگبەی شۆڕشگێڕی لە وشەی ڕەسەن و پاراوی کوردی دەئاخنێ و بەرەو ئامێزی کەژ و کێوی نیشتمان باڵ دەگرێ و هەڵۆ ئاسا دووندی چیا دەکاتە وارگەی خەبات، سروشتی ڕەنگینی کوردستان دەبێ بە ھەوێنی لەدایکبوون و تەقینەوەی کانیاوی زنوێری وشە جوانەکانی و دەریای هۆنراوەی نیشتمانی مامۆستا ئازا سەکری شەپۆلان دەدا.

"کوردستانی خوێناویی" ئازا فەرھەنگێکی گەلێک دەوڵەمەند و زەنگینە. مرۆڤ دەکرێ لە چەندین بوارەوە لە گەورەیی وشە و دێڕەکانی بڕوانێ و جگە لە سەروا و تێکەڵکێشێکی ئەدەبی جوان لە سەر یەک ڕیتم، فەرھەنگێکی جوانیشە لە ناوھێنانی ھەموو ئەو ڕۆڵە قاڕەمانانەی کە بە خوێن لەو سەردەمدا تۆماری دیرۆکی خوێناویی گەلی کوردیان کردوە لەو ناوچانەدا. ئەو سەدان ناوی ڕۆڵەی قاڕەمانی نێو مەتەرێزی خەباتی تۆمار کردوە، شاخە و شاخ و لوتکە بە لوتکە و دەشت و پێدەشت و خڕ و دۆڵ نەماوە ناوی نەھێنێ کە پێشمەرگە بە خوێن و نەبەردی، داستانی خۆڕاگریی تێدا تۆمار کردوە. کام گوڵە کێویلکەی جوانی کوێستان و قەدپاڵانە کردوویەتە دیاری و لە بەر پشتێندی میرخاسانی دێموکراتی چەقاندوە و ڕازاندوویەتەوە.

کوردستانی خوێناویی مامۆستا ئازا سەکری بە یەک ڕیتم و کێش و یەک نەفەس دەست پێ دەکات و بێ ئەوەی ماندوو بوون و لەنگی تێدابێ ھەوارە و ھەوار مزڵ و قۆناغەکانی سەختی خەبات دەپێوێ، نازانێ نائومێدی چیە و ھەمیشە بە ھیواوە لە دوندی ئاسۆی ڕوونی سەرکەوتن دەڕوانێ و وشەی زێڕین بە باڵای پێشمەرگە لە جوانترین وێنادا لە دێڕی ھۆنراوەکانیدا دەھۆنێتەوە.

لە کوردستانی خوێناویی مامۆستا ئازا سەکریدا ھەست بە نەرم و نیانیی وشەکان دەکەی کە چەندە سوارن لە دەربڕیندا ھەر وەک کەسایەتیی خودی مامۆستا ئازا کە چەندە ھێمن و مەتین بوو لە ھەڵسووکەوتدا و زۆر جارانیش کەشتی خەیاڵی لە کەناراوێکی مەند و ھێدیدا لەنگەری دەگرت و ھێدی ھێدی چارۆکەی بیرو ھزری دەدایە دەم شنەبایەکی فێنک و مژ لێدانێک لە سیگارەکەی نێو دەستی و قومێک چای دەمەو ئێوارانی چیای ژیلوانی دۆڵی جافایەتی و شۆڕ بوونەوە بە نێو ناخی "نان و شەڕاب"دا ھەوای فێنک و سامڕەندی کوێستانی نیشتمانی جارێکی تر ئاو دیوی دیوی کوێستان و تاوڵی مرادانی دەکردەوە و جامانەکەی نێو چاوانی ھێندەی تر بۆ لار دەکردەوە و ئەسپی خەیاڵی شێعری بەرەو لووتکە دەئاژووت و لە جیهانی جوانی خۆیدا نغرۆ دەبۆوە.

مامۆستا ئازا سەکری نموونەیەکی ھەرەجوانی پێشمەرگە و مامۆستا و شاعیرێکی شۆڕشگێڕ بوو کە ھێشتاش بۆن و بەرامەی شێعرەکانی ئاسمانی نیشتمانیان تەنیوە، وەچە دوای وەچە کچان و کوڕانی لاو پەیڤەکانی بە ئەمەگەوە دەڵێنەوە و "کوردستانی خوێناوی" دەکەن بە پێشەنگی خەبات و هاتنە نێو مەتەرێزی خەباتەوە.

بۆ شەهیدانی یەکیەتی لاوانی دێموکڕات:

نەتـەوە و هێز و گـوڕی سەرچـاوە

دەستی گەڕناسـی بە لاوان داوە

شۆڕە لاوانـی دەمـی گیـانبـازی

سوورخەڵاتانی گـەل و ڕێـی قازی

 

کوردستانی خوێناوی

"پــاییـزە  زیـزە  سـروشتـی  ئــازاد

زەردە  خـەمڵیـوە  وڵاتــی  نـاشـاد

ڕوومەتی زەردە گـەڵای داری  مات

سوورە ڕووی بووکی هومێد و ئاوات"