
ژنێک لە ناوەندی پڕوپاگەندەدا
ئاسۆ مینبەری
هەشت ڕۆژ بەسەر شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلدا تێدەپەڕێت.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێرشە بەربڵاوەکان و لایەن جیاوازەکانی ئەم شەڕە باسیان لێ کراوە و ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، کۆمەڵێک لایەنی دیکە لەم شەڕە دەکەونە بەر لێکدانەوە و شرۆڤەی بابەتیانەوە.
ڕوودانی شەڕ و دروستبوونی ئاڵۆزی ئەویش لە نێوان دو وڵاتدا کە پێشینەی دوژمنایەتییان دوور درێژە و ساڵانێکی زۆرە هەوڵ بۆ شکاندنی یەکتر دەدەن، ئەتوانێ بەستێنی زۆر ڕووداوی دیکەش بخولقێنێ. لە مەیدانی شەڕدا هەڵسوکەوت و کاردانەوەکان گرینگن و ئەتوانن کاریگەرییەکی زۆریشیان لەسەر خودی شەڕەکە هەبێت.
لە هەشت ڕۆژی ڕابردوودا، جۆری هێرشەکان، وڵامدانەوەکان بە یەکتر، هەڕەشەکان لە یەکتر و تەنانەت لە وڵاتانی دیکە بۆ هاتنە نێو شەڕەکە، کوژرانی مۆرە گرینگەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، پرسی پچڕاندنی بەئەنقەستی ئینتێرنێت، بەردەوامیی ئەمریکا لەسەر ویستی خۆی بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بە دەیان بابەتی دیکە ورووژێندراون و باسیان لێ کراوە.
لە جەرگەی ئەم شەڕەدا و هاوکات لەگەڵ کرانە ئامانجی بنکە سەربازی و ناوەندە ناوکییەکانی ڕێژیم، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی، یەکێک لەو بابەتانە بوو کە بەشێوەیەکی تایبەت باسی لێ کرا. هەرچەند کە ئیسرائیل پێشتر هۆشداریی چۆڵکردنی ئەو ناوچەیەی دابوو کە دەنگوڕەنگی ڕێژیمی لێیە بەڵام کارمەندانی ئەم دەزگا زەبەلاحەی ڕێژیم کە موریدی ئاڵقەلەگوێی بەیتی ڕێبەرین، پیان وابوو بە مانەوە لەو شوێنە ئەتوانن مێژوو تۆمار بکەن. بۆیە دوابەدوای هۆشداریدانەکە و هێرشی یەکەم، بێژەری دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە پەخشی ڕاستەوخۆ و بەوپەڕی ڕووهەڵماڵراوییەوە خەریکی چەواشەکاری بۆ مەزڵووم نیشاندانی کۆماری ئیسلامی بوو کە جارێکی دیکە ئیسراییل هێرشی کردە سەر ئەم ناوەندە و خانمی بێژەر ناچار بوو شوێنەکەی بەجێ بهێڵێ.
خودی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم دەسبەجێ وێنەی ئەم ژنەیان کردە پووستێر و بە کچی مەکتەبی سەید حەسەن ناویان لێ برد، دواتر بێژەرێکی ژنی دیکە بۆ پشتیوانی لە هاوکارەکەی و ئەویش لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا ئەم هێرشەی بە مانای هێرشکردنە سەر ئازادیی ڕادەربڕین ناو برد و گوتی مەگەر من لێرە کەسێکی نیزامیم؟
ڕێژیم بەپێی سیاسەتی چەواشەکارانەی خۆی لەم دۆخەشدا کە لە ڕووی توانای نیزامیشەوە لە کزیی داوە و ڕێبەرەکەشی لە قوژبنێک خۆی حەشار داوە تاکوو دەستی ئیسرائیلی نەگاتێ، ڕێک لە بەرەی شەڕدا ژنانی کردوونەتە ئامرازێک بۆ ئەوەی کە بیری گشتی بەلاڕێدا ببا و بە کەڵكوەرگرتن لە بوونی ژنان خۆی بە لایەنی بەرهەق و ستەملێکراوی شەڕەکە بناسێنێ، لەلایەکی تریشەوە وای نیشان بدات کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر خەڵكی سێڤیل و بەزەیی دنیای دەرەوە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
سەرەتا دەبێ بزانین ئەو ژنانەی کە لە ناوەندی دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا کار دەکەن، لەو کەسانەن کە بە شێوەیەکی تایبەت و لە لایەن ژوورە فکرییەکانی ڕێژیمەوە بە ئیدئۆلۆژیی چەقبەستووی ڕێژیم تەیار کراون و بەپێی زانیاریگەلێک لە سەرچاوەی ئاگاداریشەوە نەک تەنیا ئەوانەی کە لە دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە تارانن بەڵکوو لە شارەکانی دیکەش، ژمارەیەکیان چەکدارن و گوێڕایەڵێکی ڕاستەقینەی عەلی خامنەیی و ڕێژیمن، کەوایە زۆر ئاساییە کە ژنێکی ملکەچی ئەم ڕێژیمە بەو شێوازە و لەو کاتە هەستیارەدا، بەو شێوازە بدوێ، ئەمە ناکرێ مەگەر ئەوەی کە ئەوەندە باوەڕی قووڵی بە ئیدئۆلۆژیی داسەپاوی کۆماری ئیسلامی هەبێت کە ئامادە بێت گیانیشی بۆ بدات!
کەوابوو ئەم کەسانە نەک خەڵکی سێڤیل نین بەڵکوو مۆرەگەلێکی مەترسیداریشن کە لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا لە دەنگوڕەنگی چەواشەکارانەی ڕێژیمەوە هەوڵی بەلارێدابردنی ڕاستییەکانیان داوە و قەت لە بەرەی خەڵک و بەرەی هەقدا نەبوون، کە نموونەکەی بە دەیان ڤیدیۆی تۆمارکراوە کە چۆن بە بێ ئاوڕدانەوەیەک لە ویژدانی مرۆیی باسی کوژرانی ژینا ئەمینی و ئارمیتا گەراوەند و باقی شەهیدەکانی سەردەمی شۆڕشی ژینایان دەکرد.
ئەم ژنانە نەک نوێنەری ژنانی ئێران نێن، بەڵکوو مەترسیدارترین ژنگەلی پەروەردەکراوی دەستی کۆماری ئیسلامین کە هەر لە ڕێگەی ئەمانەوە، سیاسەتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی پەرەی پێ دراوە و بە کۆمەڵگەدا بڵاو بووەتەوە.
بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە بێژەرەکەی ڕێژیم ئەم هێرشەی ئیسرائیل بە هێرش بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین ناو دەبات و مەحکوومی دەکات. بە شایەتیی مێژوو، دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا، تەنیا سەکۆیەک بۆ چەواشەکاری و پڕوپاگەندە بووە و قەت نەیتوانیوە خزمەتێکی بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکات. هەر ئەو دەنگوڕەنگەی ڕێژیم کە ئێستا باسی ئازادیی ڕادەبڕینی تێدا دەکرێ، ئەو ناوەندە زەبەلاحەیە کە تێێدا و لەژێر گوشار و هەڕەشەدا سەدان دانپێدانانی زۆرەملێ تۆمار کراون و گیانی مرۆڤەکانیان ستاندوە کە ژمارەیەکی بەرچاویشیان هەر ژن بوون و لە ڕەگەزی خودی ئەو بێژەرانە بوون کە ئێستا بەرگریکاری ئازادیی ڕادەبڕینن!
بێژەرە ئاڵقەلەگوێیەکەی دەنگوڕەنگی ڕێژیم، بەتایبەت لەم قۆناغەدا و بەپێی هیچ پڕوپاگەندەیەک ناتوانێ نوێنەری خواست و ویستی ژنان بێت و قەت لەو پێناسەیە تێناپەڕێت کە ئەو تەنیا ژنێک لە ناوەندی پڕوپاگەندەی ڕێژیمە و شێرەژنانی ئەم جوغرافیایە ئەوانەن کە لە بەرەی بەرانبەری ئەودا و دژی ستەم و هەڵاواردن ڕاوەستاون.