کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری درێژەکێشانی شەڕ بۆ ماوەیەکی نادیار

16:35 - 30 جۆزەردان 2725

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەری هەیە ماوەی شەڕەکە لەوەی کە باسی لێ کراوە درێژتر ببێتەوە.
ئێفی دێفرین بە هەواڵنێرانی وت: "هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ئاسمان و لە ژێر زەویی ئێران خەریکی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنن و ئەگەری هەیە شەڕەکە ببێتە شەڕێکی درێژخایەن".
ناوبراو زیادی کردووە، ئەرتەشی ئیسرائیل لە بوردومانکردنی بنکە ناوکییەکان بەردەوام دەبێت و جەختیشی کردووەتەوە یەکێکی دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی تێلاڤیڤ لەنێوبردنی هەموو سەکۆ مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامییە، چونکە تاران لە هێرشە مووشەکییەکانی خۆی بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەشەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، مۆڵەتێکی ١٤ ڕۆژەی داوەتە تاران تاکوو خۆی ڕێگە بدات لە ڕێککەوتنێکدا بنکە ناوکییەکانی و هەموو بەرنامە ئەتۆمییەکانی لەنێو ببرێت.
لە هەمان کاتدا بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە تاکوو ئیسرائیل هێرشەکانی ڕانەگرێت، هیچ وتووێژ و ڕێککەوتنێک ناکەن.
وێدەچێت بەپێی ئەم لێدوانانە و هەروەها بەردەوامبوونی دوو لایەن لە هێرشەکانیان، شەڕەکە لەوەی کە باسی لێ دەکرا ماوەیەکی زیاتر بخایەنێت، بەو شێوەیەی کە وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیلیش ئەم بابەتەی پشتڕاست کردووەتەوە.