کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێرانی بە پچڕانی ئینتێرنێت گیانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە

16:49 - 30 جۆزەردان 2725


بەگوێرەی نوێترین زانیارییەکانی ڕێکخراوی چاوەدێری لەسەر ئینتێرنێتی جیهانی، کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ، ئینتێرنێتی لە سەر خەڵکی ئێران بە تەواوەتی داخستووە، بە شێوەیەک کە تەنیا ٣ لەسەدی بەکارهێنەران ئینتێرنێتی جیهانییان هەیە.
ڕێکخراوی نێت بلاکس، ئەم دۆخەی بە بەربڵاوترین پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران لە پاش خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە قەڵەم داوە کە دۆخی ئێستای شەڕدا دەتوانێت مەترسیی جیددی بۆ سەر گیانی خەڵک دروست بکات.
نێت بلاکس لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بەم دۆخە زیادی کردووە، پچڕانی ئینتێرنێت لە دۆخی شەڕدا، جیا لەوەی کە زانیارییەکان بۆ هەمووان سانسۆر دەکات، دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و تێکەڵاوی لە کاروباری فریاکەوتن و نەبوونی هاوئاهەنگی لە نیوان هاووڵاتییان لە کاتە هەستیارەکاندا.
لەلایەکی دیکەوە پچڕانی ئینتێرنێتی خەڵک لەکاتێکدایە کە ئەرتەشی ئیسرائیل پێش ئەنجامی هێرشەکانی بۆ سەر ئەو بنکە سەربازییانەی کە کۆماری ئیسلامی لە نێو ماڵی هاووڵاتییاندا حەشاری داون، ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە بڵاو دەکاتەوە تاکوو خەڵک ئەو شوێنانە بەجێ بهێڵن و گیانیان پارێزراو بێت، بەڵام ڕێژیمی ئێرانی بە پچڕانی ئینتێرنێت تەنانەت ڕێگە نادات کە خەڵک ئاگاداری هێرشەکانی ئیسرائیل ببنەوە و شوێنە مەترسیدارەکان جێ بهێڵن.
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێرانی زۆربەی لانچێرەکانی خۆی بۆ هاویشتنی مووشەک لە نێو گەڕەکەکاندا حەشار ئەدات تاکوو ئەرتەشی ئیسرائیل بە ئاسانی نەتوانێت هێرش بکاتە سەریان و گیانی خەڵک بکەوێتە مەترسییەوە.