کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ دروستکردنی قەڵغانی مرۆیی

18:08 - 30 جۆزەردان 2725

لەکاتێکدا کە هێڕشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگا سەربازی و ناوکییەکانی ڕێژیم لە زیاتر لە ٢٠ پارێزگای ئێران بەردەوامە، بەرپرسانی ڕیژیم لە هەوڵدان تاکوو بە ئاسایی نیشاندانی دۆخەکە، هاووڵاتییان لە نێو شارەکان و شوێنە مەترسیدارەکان بهێڵنەوە و بیانکەنە قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی خۆیان.

ئەحمەد عەلەمەلهودا، پێشنوێژی هەینی مەشهەد و نوێنەری عەلی خامنەیی لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، ڕۆژی هەینی ٣٠ـی جۆزەردان، ڕوو لە خەڵکی ئیران وتی: "ژیانی ئاسایی خۆتان بکەن و شارەکان چۆڵ مەکەن".

ئەم قسانەی عەلەمەلهوودا لەکاتێکدایە کە زۆربەی بنکەکانی سپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران لە نزیک گەڕەک و ماڵەکانی هاووڵاتییاندایە و هەر ئەوەش دەبیتە هۆی ئەوەی کە ببێتە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر گیانیان.

پێشتریش بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە خەڵکیان ڕاگەیاندبوو کە ماڵەکانیان و شارەکان چۆڵ نەکەن تاکوو بتوانن وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ بەرگریی خۆیان و بنکەکانیان کەڵکی لێ وەربگرن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و هەروەها دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە سەرەتای دەسپێکی شەڕەکەوە چەندجار داوایان لە هاووڵاتییان بەتایبەتی خەڵکی تاران کردووە کە شارەکە بەجێ بهێڵن تاکوو زیانی گیانییان بەر نەکەوێت.

ڕێژیمی ئێران هاوشێوەی میلیشیا تێرۆریستەکانی خۆی لەکاتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا، خەڵکی ئێران و شوێنە گشتییەکانی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار هێناوە و داواشی لە هاووڵاتییان کردووە کە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.