
ڕۆژی هەینی ٣٠جۆزەردان، ئەرتەشی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیبووی کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٦٠ فڕۆکەی شەڕکەری ئیسرائیل بە بەکارهێنانی نزیکەی ١٢٠ بۆمب هێرشیان کردووەتە سەر دەیان ئامانجی نیزانی لە ئێران.
لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە چەندین شوێنی پیشەسازی لە تاران کە بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک بەکارهێنراون کراونەتە ئامانج، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە ئەو ناوەندە پیشەسازییانە وەک لقێکی گرینگی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی کاریان کردووە.
ئەرتەشی ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆی بەشێک لە ئۆپەراسیۆنێک پیشان دەدات کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی چەندین سیستمی مووشەکی و دامەزراوەی ڕاداریان لە ناوچەکانی ئیسفەهان و تاران کردە ئامانج.
لە گرتەیەکی دیکەدا ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە چوار دڕۆنی کۆماری ئیسلامییان لەنێوبردووە.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی بەرگری پێشکەوتوو (سێپەند) لە تاران کە لەلایەن مۆحسێن فەخریزادە لە بەرپرسانی باڵای بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دایمەزراندبوو.
ئیسرائیل دەڵێت هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی هەروا لە کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێرانی لەبەردەست دایە و باڵادەستی خۆی بەسەر ئاسمانی ئێراندا پاراستووە.
ئیسرائیل لە هەینی ڕابردووەوە هەتا ئیستا هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە نیزامییە گرینگەکان لە ئێران، لەوانە بنکە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی چەک، ئامێری مووشەکهاوێژ، سیستمی بەرگری ئاسمانی، هەروەها ژێرخانی ناوکی کردووە ئامانج.