
ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی فەڕانسە، ئاڵمان، بریتانیا و نوێنەرایەتی باڵای یەکیەتیی ئورووپا، لە دیدارێکدا لەگەڵ "عەباس عێراقچی" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران نیگەرانی خۆیان لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربڕی و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ئەمننیەتی ئیسرائیل بپارێزرێ.
ئەوان هەروەها باسیان لەوە کرد کە پێویستە هەموو ڕێکارێک بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێژیمی ئێران دەستی نەگاتە چەڪی ناوکی.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان هاوکات لەگەڵ دەسپێکی حەوت ڕۆژەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، دۆناڵد تڕامپ وتی کە لە ماوەی دوو حەوتوودا بڕیار لەسەر چوونەناو شەڕی ئێران دەدەن.
هاوکات "یسرائیل کاتز" وەزیری بەرگری ئیسرائیل فەرمانی بە سپای ئیسرائیل کردووە کە بە هەموو هێزیانەوە لە ئێران بدەن بۆ ئەوەی ڕێژیم بڕووخێنن.
لە کۆبوونەوەی بەیانی ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، یسرائیل کاتز لەگەڵ سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل و کۆمەڵێک لە فەرماندەکان ڕایگەیاندووە کە ''پێویستە هەموو ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیم بەتایبەت بەسیج و سپای پاسدران لێبدرێن"
ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە ئیسرائیل دەبێ کارێک بکات کە خەڵکی تاران شارەکە چۆڵ بکەن و بە لێدانی زیاتری ڕێژیم، هەوڵی ڕێژیم بۆ مووشەکهاویشتن بەرەو ئیسرائیل کەمتر بکەنەوە.
ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە لە لێدان لە زانا ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕێگری لە برەودانی زیاتر بە بەرنامەی ئەتۆمی بەردەوام دەبن.
ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردان، ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بنکەی هێزی ئینتزامی لە شاری تارانی کردووەتە ئامانجی فڕۆکەکانی کە ئەو بنکەیە نەخشی زۆری لە سەرکوتی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکاندا هەبووە.
هەروەها ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردان سایتی ئیسرائیلی "وای نێت" ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی پەهپادی لە شاری تاران زانایەکی ئەتۆمی ڕێژیم کراوەتە ئامانج و کوژراوە.