
بەڕێوەبەری گشتیی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبردنی ئاوی پارێزگای لوڕستان، شێرزاد نەجەفی ڕایگەیاندووە کە ساڵی ڕابردوو شەش هەزار هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگای لوڕستان سووتاون و پۆلدۆختەر چوارەمین شار بووە کە زۆرترین ژمارەی ئاگرکەوتنەوە تێیدا ڕووی داوە.
ناوبراو ڕایگەیاند: پۆلدۆختەر یەکێکە لە بەشە هەرە گرینگەکانی پارێزگای لوڕستانە و ساڵانە لەو ناوچەیە ١٠ خاڵی گرنگ هەیە و دەبێت ڕێوشوێنی پێویست بگرینە بەر بۆ ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و جێگیرکردنی چاودێران لەو ناوچانە.
نەجەفی ئیدعای کرد کە ئێمە بۆ پارێزگاریکردن لە سامانە سروشتییەکان کەسانی تایبەتمان لەو ناوچانە جێگیر کردوون بۆ ئەوەی ئەمساڵ کەمترین ڕێژەی ئاگرکەوتنەوە لە پۆلدۆختەر ڕوو بدات.
ناوچەی پۆلدۆختەر لە پارێزگای لوڕستان ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار دارستانی هەیە، کە لە نێوان ناوچە ڕووەکییەکانی زاگرۆسدا پلەی یەکەم و لە ڕووی دارستانەکانی ئێرانەوە پلەی دووهەمی هەیە، بەڵام ساڵانە بە هۆکاری جیاواز و ناڕوون بەشێکی بەرچاو لەو دارستانانە لە ئاگردا دەسووتێن.
ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی زاگرۆس خەسارێکی زۆری بە ژینگە گەیاندووە و هاوکات لەگەڵ گەرمبوونی هەوا، ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەکانیشی زیاتر دەکات و ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمیش هیچ هەنگاوێک لە راستای کەمکردنەوەی ئەم ڕووداوانە هەڵ ناگرن.