
ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، "گیدۆن سعار" وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، سەبارەت بە قسەکانی "عەباس عێراقچی" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران کە وتبووی تا کاتێک کە هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن، کۆماری ئیسلامی ئامادەی دەنوستان نابێت، وتی: ''ڕێژیمی ئێران خەریکی فریودانی هەموو جیهانە".
گیدۆن سعار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" ڕایگەیاند کە هیچ شتێک لە مەسەلەکە نەگۆڕاوە و ڕێژیمی ئێران دەیەوێ کات بکوژێ ئەگینا هیچ مەیلێکی بۆ وەلانانی بەرنامە ناوکییەکەی خۆی نییە.
ناوبراو هەروەها وتی کە بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنییەتی ئیسرائیل و هەموو جیهان.
ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتبووی کە تا کاتێک ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوام بێت، کۆماری ئیسلامی ئامادەی دانوستان لەگەڵ هیچکەس نییە و بەتایبەت لەسەر بابەتی مووشەکی دانوستان ناکا.
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای دامەزرانیەوە هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیل دەکا و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ئێستادا، لەنێوبردنی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێرانە.