کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێس‌بی نیووز: ڕۆژاوا خەریکی هەڵسەنگاندنی بژاردەکانی ئیدارەدانی دوای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە

12:16 - 31 جۆزەردان 2725

هەواڵدەریی "ئێس‌بی نیووز" ڕایگەیاندووە کە دەسەڵاتدارانی ئامریکایی لەگەڵ دیپلۆماتە ئورووپاییەکان، هاوکات لەگەڵ شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، باس لەسەر بژاردەکانی بەڕێوەبەریی دوای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن.

ئەو هەواڵدەرییە هەروەها باس لەوە دەکات کە لە پشتی پەردەی کۆبوونەوە فەرمییەکان باس لە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمی ئێران دەکرێت بەتایبەت ئەوەیکە دوای ڕووخانی ڕێژیم، چ لایەنێک ڕێبەریی وڵات دەگرێتە ئەستۆ، بە چ شێوەیەک دەکرێ هەڕەشەی دامەزراوە و بنکە ناوکییەکان نەهێڵدرێ یا ڕێگری لە مەترسییە ژینگەیی و تەندروستییەکان لە ئاکامی هێرش بۆ سەر ئەو بنکانە بکرێت.

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئامریکا وێڕای دڕدۆنگبوون لە دانوستانی ئێرانییەکان، مەیلی هێرشکردنی نیزامیی بۆ سەر ئێران نییە، مەگەر ئەوەیکە ئاڵترناتیڤێک بۆ دوای ڕووخانی ڕێژیم هەبێ.

بەرپرسانی هەواڵگریی ئامریکا ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران خەریکی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمە لە حاڵێکدا کە عەلی خامنەیی ڕێبەریی ڕێژیمی ئێران، فەرمانی بە دروستکردنی ئەو چەکە نەداوە بەڵام لە ئەگەری فەرمانی خامنەیی، ڕێژیم دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕادەگا.

کۆی ئەو کۆبوونەوە و هەڵسەنگاندنانە لە کاتێکدا دێنە ئاراوە کە لە ئەگەری شکستی دانوستان و قووڵبوونەوەی کێشەکان، بژاردەی ئیدارەدان دوای ڕووخانی ڕێژیم گەنگەشەی لەسەر بکرێت.